قەدەغەی گەشتەکانی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە ملیۆنان دۆلار زیانی بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە
جارێکی دیکە، تورکیا بڕیاری درێژکردنەوەی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دا. ئەم بڕیارە کە چەندین جارە درێژ دەکرێتەوە، زیانێکی ئابووریی بەرچاوی بە فڕۆکەخانەکە و کەرتی گەشتیاری و بازرگانی لەو پارێزگایە گەیاندووە.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە سلێمانی، بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تورکیا وەک یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکان بۆ گەشتیاری، چارەسەر و بازرگانی، خواستی زۆری لەسەرە. بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا، کۆمپانیا و نووسینگەکانی فڕۆکەوانی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، چونکە 60% بۆ 70%ی داهاتیان لەسەر ئەم گەشتانە بووە."
هەروەها، بەدواداچوونەکان دەریانخستووە، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە هیچ فڕۆکەیەکی سلێمانی نەچووەتە تورکیا، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕێژەی 35% کەمیکردووە. ئەمەش تەنیا کێشەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو زیانێکی ئابووریی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە.
سەرەتاکانی ساڵی 2023 تورکیا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، بە تۆمەتی بوونی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە؛ بەڵام دڵشاد نامیق، سەرۆکی ڕێکخراوی چاوی کورد بۆ توێژینەوەی سیاسی، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا نزیکەی چوار مانگێکە پەکەکە بڕیاری چەکدانانی داوە و هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا لەو شوێنانەدا بوونی نییە کە پەکەکە مۆڵگەی سەربازی لێیە. نامیق پێی وایە ئەمە دەرفەتێکی گرنگی سیاسییە بۆ گەڕانەوەی ئارامی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە.
کۆتا جاریش، لە 6ی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، تورکیا بڕیاری درێژکردنەوەی قەدەغەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ وڵاتەکەی و بە پێچەوانەوە تا 6ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو درێژکردەوە.
سەرەڕای زیانە بەرچاوەکان، هیوایەک هەیە کە هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی بەسەر ئەم کێشەیەی سلێمانی و فڕۆکەخانەکەیدا هەبێت و ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەم قەدەغەیە.