مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەدان

شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەسەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکوومەتی سووریا لە کۆبوونەوەدان.
میدیایەکی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەی شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ شاندی حکوومەتی سووریا لە دیمەشق دەستی پێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین پێکهاتووە، شاندەکەی حکوومەتی سووریا لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی پێکهاتووە، لە کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی پرسە سیاسی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی 10ـی ئاداردا دەکرێت.
شاندەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی سووریا گەشتنە دیمەشق.
ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەم دێت کە شاندێکی ئیدارە بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی، لەگەڵ سەرۆکی پارتی ئایندەی سووریا عەبد حامد ئەلمەهباش و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، کۆبوونەوە.
دوێنێ شەو گرژیی و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ڕوویدا، لەوبارەوە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرش و گەمارۆدانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسودی کرد و بە "پێشێلکاریی ئاشکرا"ی وەسفکرد بەرامبەر دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هێرشانە پێشێلکاریی ئاشکران بەرامبەر خەڵکی عەفرین کە بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و ئەمڕۆش لەسەر دەستی گرووپە چەکدارەکانی سەربە دیمەشق، تووشی نادادپەروەری دەبنەوە.
بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر پێی وایە، ئەوەی لەو دوو گەڕەکە ڕوویدا، درێژەدانە بە کارە ڕەگەزپەرستییەکان و چەسپاندنی سیاسەتی دابەشکاری. ڕوونیشی کردەوە، زۆر ڕوونە ئەوان هیچ وانەیەکیان لە ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکان وەرنەگرتووە ئەمەش سووریا بەرەو کارەسات و وێرانکاریی دەبات.