لە پارێزگای واست پارێزەرێک کوژرا

فەرمانبەرێکی بەشی یاسایی و پارێزەر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی واست، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی پۆلیسی خۆجێیی لە پارێزگای واست بڵاویکردەوە، فەرمانبەری بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی واست، لە هێرشێکی چەکداریدا لە باکووری 'کوت'ـی ناوەندی پارێزگاکە کوژراوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، ئەو فەرمانبەرە ناوی 'هەمسە جاسم'ـە و تەمەنی لە سی ساڵاندایە و لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناوچەی عامریە لە باکووری شاری کوت کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری و تاوانبارانیش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
سەنتەری نەخیل بۆ ماف و ئازادییەکان بڵاویکردەوە "بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی چالاکوان و پارێزەر دکتۆر هەمسە جاسم لە پارێزگای واست لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە دەکەین، ئەمە ڕووداوێکی نوێیە و لاوازی هێزە ئەمنییەکان دەردەخات.
سەنتەری نەخیل جەختیکردەوە، پێویستە بەدواداچوون بۆ تاوانەکە بکرێت و تاوانباران ئاشکرا بکرێن.