بە ڤیدیۆ؛ گوندێکی چین تەنیا ئافرەتی لێ دەژیت

"پیاومان نییە، کێشە و نیگەرانیشمان نییە"؛ ئەمە دروشمی گوندێکی تایبەت بە ئافرەتانە لە هەرێمی ژیژیانگی ڕۆژهەڵاتی چین. 

دانیشتووانی گوندی 'کیکی' سەرجەمیان ئافرەتن و هیچ پیاوێکیان لەناودا نییە، هاوکات بە یەکێک لە جوانترین گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دادەنرێت. لەوێ ئافرەتان خۆیان ئەرکەکانیان ڕایی دەکەن؛ لە بەخێوکردنی ئاژەڵەوە تا بەڕێوەبردنی خواردنگە و بازاڕەکان، بگرە کاری کشتوکاڵیش ئەنجام دەدەن.

چین فانگیان، دانیشتووی گوندی کیکی گوتی: "لەم گوندە هەمووان ڕێز لە یەکتر دەگرن و دۆستن. ئافرەتان و کچانی ئێرە زۆر هاوکاریی یەکتر دەکەن. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکوو یارمەتیی ئەو کەسە بێگانانەش دەدەن سەردانی گوندەکە دەکەن بۆ گەشت و کات بەسەربردن؛ خواردنی بێبەرامبەریان پێشکێش دەکەن. بەڕاستی لێرە هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی دەکەم."

ئافرەتان و کچانی گوندی کیکی دڵخۆشن بەو شێوازە ژیانەی بۆ خۆیان هەڵیانبژاردووە. بەشێک لە ئافرەتەکان خەڵکی ڕەسەنی گوندەکە نین، بەڵام بەهۆی سەرسامبوونیان بە شێوازی ژیان و خۆبەڕێوەبەریی دانیشتووانەکەی، لە ناوچەکانی دیکەوە ڕوویان لەم گوندە کردووە تا ببنە بەشێک لەم کۆمەڵگە مێینەیەی ڕۆژهەڵاتی چین. 

ئافرەتان لێرە سەرباری ئەرکە ڕۆژانەکان، یانەی کۆمەڵایەتییان هەیە بۆ گفتوگۆ و یاریکردن. ئەوان دەڵێن: نەبوونی پیاو لە گوندەکە ڕێگر نییە لە دڵخۆشی و ڕێکخستنی ژیانیان بەو جۆرەی دەیخوازن.

یانگ یون، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و گوتی: "ماوەیەکی زۆر لەژێر گوشاری کارکردندا بووم، ویستم شوێنێک بدۆزمەوە تیایدا بە ئاسوودەیی کارەکانم بکەم و ژیانم ئارام بێت. بڕیارم دا بێمە ئێرە و وەک خوشک و کەسوکار لەگەڵ ئافرەتانی دیکە بژیم. ئافرەتان بەهێزن و دەتوانن بێ گرفت کارەکانیان بکەن، تەنانەت هەستی بەرپرسیارێتی لای ئافرەتان زیاترە بەراورد بە پیاوان."

ئەزموونی گوندی 'کیکی' لە چین وەک نموونەیەکی سەرنجڕاکێشی پشت بەستنی ئافرەتان بە تواناکانی خۆیان تەماشا دەکرێت. دۆخەکە بە جۆرێکە، گەشتیاران ڕۆژانە و مانگانە ڕێگەیەکی دوور دەبڕن تا بە چاوی خۆیان بینەری شێوازی ژیانی ئەم گوندە بن؛ گوندێک تەواوی دانیشتووانەکەی ئافرەتن و هیچ پیاوێکی تێدا نییە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل