لە عێراق یاری لۆدۆ قەدەغە کرا

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق یاری لودۆ قەدەغە دەکات بە مەبەستی پاراستنی خێزان

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی یاریی ئەلیکترۆنیی "لودۆ" (Ludo)، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی بەها خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەزارەتەکە ڕایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی بە ئێمە بەخشراوە و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدا، بڕیار درا بە قەدەغەکردنی یاری لودۆ بە مەبەستی پاراستنی خێزانە عێراقییەکان لە مەترسییە زیادبووەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگا."

وەزارەتەکە هۆکاری بڕیارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی یارییەکە بووەتە سەرچاوەی ناکۆکی توند لە نێوان هاوسەراندا، بەتایبەتی بەهۆی سیستمی گرەوکردنەوە کە "هانی ڕەفتاری مەترسیدار و قبوڵنەکراو دەدات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە چاودێری بەردەوامی سەرپێچییەکان کراوە و هاتووە: "بڕیاری قەدەغەکردنی یارییەکە دوای بەدواداچوونی ورد هات بۆ کۆمەڵێک کێشە کە بەهۆی ئەم یارییەوە سەریان هەڵداوە." لەوانە بوونی "چاتی تایبەت" کە ڕێگە بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەدات لە ژینگەیەکی نادیاردا و مەترسی ئیستغلالی سێکسی لێدەکرێت. جگە لەمەش، بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاو و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری خێزان و بنیاتە کۆمەڵایەتییەکان بە مەترسیی دیکە دانراون.
 
 
 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل