کەشتیوانێکی کۆمپانیایەکی هۆڵەندی لەلایەن حووسییەکان کوژرا

کۆمپانیای سپلیتهۆڤی هۆڵەندی ڕایگەیاند، کەشتی بارهەڵگری کۆمپانیاکەیان کە هەفتەی ڕابردوو لە کەنداوی عەدەن لە لایەن حووسییەکانەوە هێرشی کرایە سەر و چەند ئەندامێکی کەشتیەکە بریندار بوون، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لە دەستداوە.

کۆمپانیاکە وردەکاریی زیاتری لە بارەی کەشتیوانەکەی بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا ئاماژەیداوە کە بە ڕەچەڵەک فلیپینیە و دوێنێ دووشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

کەشتی مینیرفاگراخت، لە کەنداوی عەدەن بە هۆی مینێکی دەریایی چەکدارە حووسییەکانی یەمەن پێکرا و زیانی زۆری بەرکەوت، هەروەها بەشێک لە کەشتیەکە گڕی گرت، بە بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر توانرا 19 ئەندامی کەشتیەکە ڕزگار بکرێن، کە هاووڵاتی ڕووسیا، ئۆکرانیا، فلیپین و سریلانکا بوون. 

هەروەها کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردوە، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کەشتیەکەیان لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی جیبۆتی لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە، ئێستا بارودۆخی جێگیرە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دەگەڕێندرێتەوە وڵاتەکەی.  

حووسییەکان لە یەمەن بەرپرسارێتی هێرشکەیان لە ئەستۆگرت و لە دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، وەک بەشێک لە بەرەی مقاوەمە، چەکدارە حووسییەکان لە ساڵی 2023ـەوە لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بیانییەکان چڕکردووەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment