دۆخی بەغدا ئاڵۆز دەبێت

خۆپیشاندان دەست پێدەكاتەوە

K24 - بەغدا

چەند رۆژێكە ژمارەیەك چالاكوان و ھاووڵاتییانی بەغدا بانگەشە بۆ خۆپیشاندان دەكەن و ھەڕەشەش دەكەن كە دەچنە ناوچەی سەوز، ئەمەش دۆخی شارەكەی ئاڵۆز كردووە و بەشێك لە رێگە و پردە سەرەكییەكان داخراون.

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "بەشێك لە چالاكوان و ھاووڵاتییانی بەغدا دەیانەوێت لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی 2019 جارێكی دیكە بێنەوە سەر شەقام و ھەڕەشەی چوونە ناو ناوچەی سەوز دەكەن، ئەمەش وایكردووە رێوشوێنێكی توندی ئەمنی بگیرێتەبەر و ھێزی ئەمنی و سەربازی لە دەوروربەری ناوچەی سەوز كۆكراوەتەوە".

پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشدا: "بەشێك لە دانیشتووانی بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریر كۆبوونەتەوە و ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان".

لە ماوەی ساڵی رابردوودا چەندین خۆپیشاندان لە عێراق بە تایبەتی لە بەغدا ئەنجامدراون. بەگوێرەی ئاماری كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە ماوەی ساڵێكدا 800 كەس لەناو خۆپیشاندانەكان كوژراون و زیاتر لە 25 ھەزار كەسیش برینداربوونە، بەردەوامیش فشار دەخرێتە سەر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ ئەوە ئەو كەس و لایەنانەی تۆمەتبارن بە تەقە كردن لە خۆپیشاندەران بدرێنە دادگا و سزا بدرێن".

ھ.م