لە دھۆك ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی زەوی دەكرێت
پێشتر حكومەت رەزامەندی لەسەر داوە
K24 – دھۆك
بە مەبەستی دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر ئەو ھاووڵاتییانەی لە سنووری پارێزگای دھۆك رەزامەندییان وەرگرتووە، لیژنەیەك پێكھێنراوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن.
دیار بەحری، بەڕێوبەری گشتی شارەوانی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشتر رەزامەندی دراوبوو كە زەوی بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیانی دانیشتووی سنووری دھۆك دابەش بكرێت، بەڵام لە ساڵی 2012 حكومەتی ھەرێم بڕیاریدا كە دابەشكردنی زەوی رابگیرێت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەمساڵ بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتە بكرێت، لیژنەیەك بە ئەندامیەتی وەزارەتی شارەوانی و نوێنەری شارەوانی گشتی دھۆك و نوێنەرایەتی پارێزگار پێكھێنراوە، ئێمە ھەموو فەرمانەكانمان داوەتە دەست لیژنەكە، لێكۆڵینەوە دەكەن بەپێی پێویست و لەباری زەمینە بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدرێت".
گوتیشی: "ئەو كەسانەی پێشتر رەزامەندی پێدانی پارچە زەوییان وەرگرتووە 23 ھەزار كەسن، لە سنووری شارەوانی دھۆك ھێندە زەوی نییە دابەش بكرێت، لیژنەكە لێكۆڵینەوەی ورد دەكات، بۆ ئەوەی بڕیارێكی گونجاو بدرێت".