کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆتایی هات

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا، لە کۆبوونەوەکەیان جەختییان لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار کردەوە.
سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، میدیاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوەی نێوان شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا، لە دیمەشق کۆتایی هات، کە ماوەی چەند کاتژمێرێک بە داخراوی بەڕێوەچوو.
هەروەها ئاماژەشیان داوە، لە کۆبوونەوەکە باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا و دۆخی ئەم دوایەی حەلەب کراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین پێکهاتووە، شاندەکەی حکوومەتی سووریا لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی پێکهاتووە.
باسیشیان لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند خاڵێک گفتوگۆییان لەسەر کراوە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی واژۆ نەکراوە، کە لەم خاڵانە پێکهاتوون: پرەنسیپی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەو ڕێککەوتنە زارەکییەی ئەمڕۆ کراوە، دەکرێت ببێتە هۆی دروستکردنی سوپایەکی ڕێکخراو و کارا، کە لە خزمەت پاراستنی هەموو سوورییەکاندا بێت. ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب. پێویستە هەموو سوورییەکان لە وڵاتێکی ئارامدا بژین. دەستووری سووریا هەموار بکرێتەوە.
هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد و پرسە سەرەکییەکان بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام لە سووریا کردووە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا، لە دیمەشق، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)،کۆبوومەمەوە و ڕێککەوتین لەسەر وەستاندنی گشتگیری تەقەکردن لە هەموو میحوەر و خاڵە سەربازییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە مەرجێک جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەستبەجێ دەست پێبکات."
ڕۆژی دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ ئەدمیراڵ کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM)، سەردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان کرد و لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی هەوار، هەر دوو لا تاوتوێی هەنگاوە کردارییەکانیان بۆ خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار کرد، هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان و کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان کرد کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد لە هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ڕۆهەڵات عەفرین فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، غەسان ئەلیووسف جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، عەبد حامد ئەلمەهباش سەرۆکی پارتی سوریای ئاییندە ئامادە بوونە.
هەروەها دوێنێ شەو گرژیی و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا ڕوویدا، لەوبارەوە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرش و گەمارۆدانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسودی کرد و بە "پێشێلکاریی ئاشکرا"ی وەسفکرد بەرامبەر دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە.