نێچیرڤان بارزانى و کونسوڵى گشتیى هۆڵەندا چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسوڵى گشتیى هۆڵەندا کرد

K24 - ھەولێر

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، 25/10/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە هانس ئاکەربووم، کونسوڵى گشتیى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و هۆڵەندا و برەودان بە بوارەکانى هاریکاریى نێوان هەردوولا، هاریکاریى کەرتى تایبەتى هۆڵەندى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵیدا، ئامادەیى و چالاکیى رەوەندى کوردستان لە هۆڵەندا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر، پەتاى کۆڤید_19 و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، تاوتوێ کرا.

نێچیرڤان بارزانى خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هۆڵەندا دووپات کردەوە و ئاماژەى بەوە دا کە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵى و خوێندنى زانکۆیی ئەو بوارەدا، دەتوانێت سوود لە ئەزموونى سەرکەوتووى هۆڵەندا بۆ بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵ ببینێت و دەرفەت و زەمینەیەکى باشى پێشخستنى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان هەیە کە دەکرێت کەرتى تایبەتى هۆڵەندى سەرمایەگوزارى تێدا بکات.

لاى خۆیەوە کونسوڵى گشتیى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان وێڕاى ده‌ربڕینی خۆشحاڵى بە کارى هاوبەش و هاریکاریى لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاکاندا، باسى لە هاریکاریى کەرتى گشتى و تایبەتى هۆڵەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە بوارى کشتوکاڵیدا کرد و هەموو پشتگیرییەکى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.

هاوکارى و هەماهەنگیى هۆڵەندا لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى جێبەجێکردنى چاکسازى و مەشق و ڕاهێنانى پێشمەرگەدا، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پێشهاتەکانى شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.