پوتن: ڕووسیا خێرایە لە پەرەدان بە چەکی پێشکەوتوو

ڤلادیمێر پوتن پلانی پیشەسازی سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت: دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی ڕووسیا، پەرە بە چەکی پێشکەوتوو دەدەن، چەکی تازە و کاریگەر دروست دەکەین و بە خێرایی دەیخەینە خزمەتی سوپا.

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ هەرێمی فیدراڵی باکووری ڕووسیا، پوتن ئاشکرای کرد، دامەزراوە پیشەسازییە سەربازیەکانی وڵاتەکەی سەرقاڵن پەرە بە چەکی پێشکەتوو بدەن، هەروەها مووشەک و چەکی تازە دروست دەکەن، هەوڵەکانیشیان بۆ زیادکردنی یەدەگی سەربازییە لە چەک و جبەخانە.

باسی لەوەشکرد، پلانییان هەیە کە بە زووترین کات، چەکی تازە و پێشکەوتوو بخەنە خزمەتی سوپای ڕووسیای فیدراڵ.

هەر لەمبارەوە، دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) جەختی لەوە کردەوە، پوتن لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونیدا لە شاری پێترسبۆرگ، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە و نوێترین ڕاپۆرتی لە بارەی بارودۆخی سەنگەرەکانی جەنگی وڵاتەکەی لێوەرگرتوون.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، لە گەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و دەستەی ئەرکانی گشتیی سوپای ڕووسیا کۆبووەتەوە، بە ووردی گوێی لە ڕپۆرتی ڤالێری گیراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی گرتووە، کە لە بارەی دوایین چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی جەنگ ئامادە کراوە. 

ئەوە لە کاتێکدایە، ڤولۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کردووە، بۆ ئەوەی مووشەکی تۆماهۆک بە سوپای وڵاتەکەی بدات تاوەکوو لە جەنگی دژ بە ڕووسیا بەکاری بهێنێت، بەڵام ترەمپ داوای ڕوونکردوەی لە زێلێنسکی کردووە کە مووشەکی تۆماهۆکی بۆ چییە و چۆن بەکاری دەهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەوڵی ڕووسیا لە زاری دیپلۆماتێکی باڵای وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا یان هەر وڵاتێک دیکە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی بکات، ڕووسیا دووەم وڵات دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ڕووسیا، بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات، لە زاری دیپلۆماتێکی باڵای وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، دەبێت ئەمەریکا ئاگاداری هەنگاوەکانی بێت، لە ئەگەری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆم لە لایەن ئەو وڵاتە یان هەر وڵاتێکی دیکەوە، ڕووسیاش ئەو کارە دەکات، ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتەکەی زانیاری هەیە، کە ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی ئەتۆم دەکات.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوتویەتی، وڵاتەکەی تاقیکرنەوەی ئەتۆمی دەکات، ئەگەر هەر وڵاتێکی دیکە ئەو کارە بکات، باسی لەوەشکردوە، ڕووسیا ئاماژەکانی ئەو تاقیکردنەوەیەی دۆزیوەتەوە کە لە لایەن وڵاتێکەوە کاری لە سەر دەکرێت.

هەروەها سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێی ڕاگەیاندوون، تێبینی ئەوەی کردووە، ماوەیەک دەبێت ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکات، ئەگەر ئەمەریکا یەکەم وڵات بێت تاقیکردنەوەکە بکات، ئەوا ڕووسیان بە دڵنیاییەوە دووەم وڵات دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment