تورکیا.. ملیۆنان خێزان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی یەکێتیی کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی تورکیا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی هێڵەکانی برسییەتی و هەژاریی لە وڵاتەکەدا بووەتە مایەی نیگەرانییەکی گەورە، لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنان خێزان لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا (2024)، هێڵی برسییەتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی گەیشتووەتە 27,000 لیرەی تورکی، لەکاتێکدا هێڵی هەژاریی گەیشتووەتە 91,000 لیرە. ئەم ژمارانە بەراورد بە ئەیلوولی 2023، کە هێڵی برسییەتی 19,000 لیرە و هێڵی هەژاریش 64,000 لیرە بوو، بەڕێژەی 40% زیادیکردووە.
ماڵباد دکەش، پسپۆڕی ئابووری، جەختی لەسەر بەردەوامیی قەیرانی ئابووریی لە تورکیا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ماوەی سێ ساڵە شەپۆلی هەژاریی بە توندی ڕووی لە زیادبوونە. ئەو پێیوایە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەت بە فەرمی دانی پێنادات، بەڵام هاووڵاتییان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڵاوسانی بەردەوام دەبنەوە و ئاستی هەژاریی کەم نابێتەوە، بەڵکوو بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
هاوڵاتیانیش نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و باس لە سەختی ژیان و کەمبوونەوەی داهات دەکەن. یەکێک لە هاوڵاتیان ڕایگەیاندووە، کە داهاتەکەی بەشی پێداویستییەکانی ناکات و ناچارن تەنیا نانی وشک بخۆن تا نەمرن و هیچ شتێکی دیکەیان نییە. هاوڵاتییەکی دیکەش باس لەوە دەکات کە خێزانەکەیان پێنج کەسە و ناتوانن بە مووچەی خانەنشینی ژیان بەسەر بەرن.
وەزارەتی خێزان و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا ئاشکرایکردووە، سێ ملیۆن و 600 هەزار خێزان لە تورکیا لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. پسپۆڕانی ئابووری و هاوڵاتیانیش نیگەرانی ئەوەن کە ئەم دۆخە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەروەردە و تەندروستیی منداڵان دەبێت و لە داهاتوودا دەکرێت ببێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی جدی.