وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل ڕێککەوتن

وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق ڕێککەوتنێکی تازەیان واژۆ کرد.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێککەوتنە نوێیەکەی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی بە سەرپەرشتی سوودانی واژۆکراوە، کە شاندی کۆمپانیاکە پێکهاتبوون لە پیتەر لاردۆن جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل و شاندێکی یاوەری.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سوودانی، ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت، پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا بە هێزتر دەکات، هەروەها جەختیکردووەتەوە، عێراق دەرگاکانی کراوەن بە ڕووی سەرجەم گەورە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت.
سودانی ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتەکەی گرنگییەکی زۆر بە هاوکاریی کۆمپانیا نەوتتیەکان دەدات، ئەمەش لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراقە، هەروەها خواستی بۆ کاری هاوبەش و گەورەی کۆمپانیاکانی نەوت نیشان داوە، بۆ ئەوەی لە عێراق پیشەسازیی لە کەرتی نەوت و وەبەرهێنانیدا بکەن، لە نێوانیشیاندا کۆمپانیا ئەمەریکیەکان بۆ کارکردنیان لە کێڵگەی نەوتی مەجنون لە بەسرە، هەروەها لە بواری وزەدا هاوکاریی عێراق بکەن و هەوڵ بدەن بەرهەمهێنانی گاز زیاد بکەن.
لەم بارەیەوە، ڕۆڵ و گرنگی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی بەرز نرخاندووە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی کێڵگە نەوتیەیکان و مۆدێرنکردنی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوت و هەمەچەشنکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.