باهۆزی خوێ گوندەکانی کەناری دەریاچەی ورمێ چۆڵ دەکات

وشکبوونی دەریاچەی ورمێ و کەمبوونی لەڕادەبەدەری سەرچاوە ئاوییەکان، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان کردووەتە سەر گوزەرانی گوندنشینەکانی کەناری دەریاچەکە و لەناوچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان. 

ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "وشکبوونی تەواوەتی دەریاچەی ورمێ و کەمبوونی لە ڕادەبەدەری سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە، گوزەرانی جووتیارانی گوندەکانی دەوروبەری دەریاچەکەی تێک داوە. زۆرێک لە جووتیاران ناچارن دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن و پەنا بۆ کاری دیکە ببەن، تەنانەت هەندێکیان لە گوندەکانیان کۆچیان کردووە. ئەمە کارەساتێکی گەورەیە و دەبێت بەرپرسان بە زووترین کات چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە"

زەوییە بە پیتەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ، کە ڕۆژگارێک وەک یەکێک لە بەپیتترین زەوییەکانی ئێران دەناسران و سەرچاوەی داهاتی هەزاران خێزان بوون، ئێستا لە ئەنجامی وشکبوونی دەریاچەکەدا، دەبنە بیابانی خوێ.
گوندنشینەکان یەک لە دوای یەک، ماڵەکانیان بەجێ دەهێڵن. ئەوان کە ساڵانێکی دوور و درێژ پێکەوە لە خۆشی و شادیدا دەژیان و لە کێلگە سەوز و پاراوەکانیاندا کاریان دەکرد، ئێستا دوو بژاردەی سەختیان لەبەردەمدایە، کۆچ بەرەوە جێگەیەکی دیکە و گۆڕینی پیشەی دەیان ساڵەیان، یان مانەوە لە جێگەیەکدا کە هەواکەشی چیدی بۆ هەناسەدان نابێت!

لە وێرانیی کێڵگەکانەوە بۆ کۆچی ناچاری

خانمە جووتیارێکی ناوچەکە دەڵێت: ساڵانە، لەم وەرزەدا ڕبهەنار و دۆشاوی تەماتەم دروست دەکرد، بەڵام ئەمساڵ زەوییەکەم هیچ بەرهەمێکی  نەبوو، هەمووی بووە بە خوێ!
ئەم خانمە جووتیارە، دەڵێت: وشکبوونی دەریاچەکە و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان، بوونەتە هۆی وشکبوونی کێڵگەکەم و فەوتانی بەرهەمەکانی. ئێستا ناچارم بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانم لێرە بڕۆم و کارێکی دیکە بدۆزمەوە، ئەوەش بۆ منی بەساڵدا چوو، ئاسان نییە.

جووتیارێکی دیکە دەڵێت: بارودۆخەکە بۆ گوزەران نابێت. کشتوکاڵمان پێ ناکرێت و باهۆزی خوێ بەرهەمی ئەمساڵمانی بەتەواوەتی لەناو برد. 
ئەو، کە ساڵانێکی زۆر سەرقاڵی کشتوکاڵ و ماڵات بەخێوکردن بووە، دەڵێت: وشکبوونی دەریاچەکە نەک تەنیا زەوییەکانمانی لەناو بردووە، بەڵکوو بووەتە مایەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. ژمارەیەک لە دراوسێکانم تووشی تەنگەنەفەسی و چەندان نەخۆشیی دیکە بوونە. ڕێگەیەکی دیکەمان نەماوە جگە لە کۆچکردن و بەجێهێڵانی زێدی باب وباپیرانمان.

گوندەکان بە تەواوەتی چۆڵ دەکرێن

عەلی تەیمووری، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی گورچین قەڵا، دەربارەی هەواڵی کۆچی بەرفراوانی دانیشتووانی ئەم گوندە بەهۆی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، گوتی: گورچین قەڵا، یەکێکە لە حەوت گوندی کەناری دەریاچەی ورمێ کە خاوەن بە پیتترین زەوی ناوچەکەن، پێشتر زیاتر لە 470 خێزانی تێدا نیشتەجێ بوو؛ بەڵام بەهۆی وشکبوونی دەریاچەکەوە، زۆرێک لە دانیشتووان ناچار بوون گوندەکە بەجێ بهێڵن و بۆ شارەکانی دەوروبەر کۆچ بکەن.

تەیمووری، هەروا گوتی: ئێستا تەنیا نزیکەی 130 خێزان لە گورچین قەڵا دەژین، زیاتر لە 50%یان کەسانی بەساڵاچووی ڕەبەنن. ئەم کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانە نەک تەنها کاریگەری نەرێیی لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی گوندەکە داناوە، بەڵکو ژیانی فەرهەنگی و نەریتیشی خستووەتە مەترسییەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گوندەکە سەبارەت بە دۆخی تەندروستی دانیشتووان، ڕایگەیاند "لە ساڵانی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەتایبەتی شێرپەنجە، لەم ناوچەیەدا زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە وادیارە پەیوەندی بە بارودۆخی ژینگەیی و وشکبوونی دەریاچەکە و پیسبوونی هەواوە هەیە."

تەیمووری، داوای لە بەرپرسان کرد بە جددی بایەخ بە دۆخی قەیراناوی گوندەکانی گوندەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ بدەن و جەختی کردەوە "ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەکە نەگیرێتەبەر، ئەوا لە ماوەی داهاتوودا گوندەکان بە تەواوەتی چۆڵ دەبن و زەوییەکان دەبنە شۆرەکات."

زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی بیرەکان 

ڕەسووڵ موقابیلی، قایمقامی ورمێ، سەبارەت بە زۆربوونی بەرچاوی بیر و فشاری گەورەی سەر ئاوی ژێرزەوی لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ، گوتی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ، زیاتر لە 90 هەزار بیری قووڵ لێ دراون، ئەوەش فشارێکی جددی بۆسەر کۆگای ئاوی ژێرزەوی دروست کردووە.

قایمقامی ورمێ، گوتیشی: ئەم ڕەوتە، واتە بەکارهێنانی بێسنووری ئاوی ژێر زەوی، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی دەریاچەی ورمێ.

باهۆزی خوێ، ژیانی  ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە

سەعید عیسانەژاد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پلاندانان و بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، ڕایگەیاند: "زیاتر لە 90%ی بەکارهێنانی ئاو لەم پارێزگایانەدا بۆ کەرتی کشتوکاڵە و گۆڕانی شێوازی چاندن لەو بەرهەمانەی کەمتر ئاویان پێویستە وەک گەنم، جۆ و تووتن بۆ ئەو بەرهەمانەی ئاوی زۆریان پێویستە وەک وەک سێو، تووی فەرەنگی،  وێنجە و چەوەندەری شەکر، لەگەڵ پەرەپێدانی باخەکان، بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی بەکارهێنانی ئاو"

بەڕێوەبەری نووسینگەی پلاندانان و بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، هەروەها ئاماژەی بە کێشەی وشکەساڵی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگاکانی کوردستان، تەورێز و ورمێ کرد و ڕایگەیاند "کەمبوونەوەی بەرچاوی باران، کەمبوونەوەی هاتنی ئاو بۆ دەریاچەکە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەهەڵمبوونی توندی ئاو لە گرنگترین هۆکارە کاریگەرەکانن لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە."

عیسانەژاد، جەختی لە پێویستیی چاکسازیی لە شێوازی چاندن، ڕێگریی لە گۆڕینی زەوییە دێمەکان بۆ ئاوی و باشتر بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان کردەوە و گوتی: "گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە بووژاندنەوەی بەردەوامی دەریاچەی ورمێ ببینێت."

عیسانەژاد، گوتیشی: ئەگەر مافی ئاوی ژینگەیی دەریاچەکە دابین نەکرێت، لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵدا، باهۆزی خوێ زیانێکی قەرەبوونەکراوە بە ناوچە نیشتەجێیەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنن و ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.

 
Fly Erbil Advertisment