پاریس دەیەوێت گرانترین گرێبەست لە مێژوودا تۆمار بكات

پاریس بە ئۆفەرێکی خەیاڵی لامین یامال دەکاتە ئامانج

لامین یامال، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا
لامین یامال، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا

ئیدارەی پاریس سانجێرمان لە لایەن لویز ئێنریكی گلۆپی سەوزیان بۆ هەڵكراوە بۆ ئەوەی ئۆفەرێكی خەیاڵی پێشكەشی لامین یامال ئەستێرەی بارسێلۆنا بكەن، ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە لامین لەگەڵ پرۆژەكەی پاریس زۆر گونجاوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دیفێنسا سێنتڕاڵ"ـی ئیسپانیا، ئیدارەی پاریس سانجێرمان ئارەزووی گواستنەوەی لامین یامال دەكەن، یانە فەرەنسییەکە پێیوایە لامین یامال دەتوانێت پرۆژەكەی ئێستای لویز ئێنریكی بەهێزتر بكات، بەوپێیەی ئێستا یانەكە دەستیكردووە بە بردنەوەی نازناوەكان.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: پاریس سانجێرمان ئامادەیە 230 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ گواستنەوەی یامال، ئەمەش دەبێتە گرانترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێدا، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر پاریس بە 222 ملیۆن یۆرۆ نێیمار دا سیلڤای لە هەمان یانە گواستەوە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكە باسی لەوەش كردووە كە لامین یامال پەیوەستە بە گرێبەستێك تا هاوینی 2031 لەگەڵ بارسێلۆنا، جگە لەوەش یەك ملیار یۆرۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دیاریكراوە، ئەمەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پاریس، بەڵام ناسر خلێفی سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە بڕیاری داوە هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی لامین یامال دەست پێ بكات، خلێفی پێی وایە یامال هەموو تایبەتمەندییەكانی یاریزانێكی سووپەری تێدا بۆ ئەوەی لە داهاتوو ببێتە باشترین یاریزانی جیهان، هەرچەندە تاكە نیگەرانی خلێفی لە دەوروبەر و خانەوادەكەی یامالە كە نەیانتوانیوە دۆخێكی ئارام و جێگیر لە دەرەوەی یاریگە بۆ ئەو یاریزانە دروست بكەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە خانەوادەی لامین یامال و كەسانی نزیك لەو یاریزانە زۆر دڵخۆشن بە مانەوەی لامین یامال لەگەڵ بارسێلۆنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەرزی رابردوو ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و بارسا لالیگا، جامی شا و سووپەری ئیسپانیای بردەوە و گەیشتنە قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ.
راپۆرتەكە روونیكردووەتەوە، فرۆشتنی لامین یامال بۆ بارسێلۆنا هەنگاوێکی زۆر قورس دەبێت، ئەگەر ئەوە رووبدات ئیدارەی بارسێلۆنا دەكەوێتە بەردەم شەپۆلێكی ناڕەزایی گەورە بەرامبەر هاندەران و ئەندامان و لایەنگرانی یانەكە، بەوپێیەی ئێستا لامین وەكو ئەستێرەی یەكەمی بارسێلۆنا سەیر دەكرێت و وەكو جێنشینی لیۆنێل مێسی ناوی دەبەن و پێیانوایە لامین دەتوانێت لە دوای نەمانی مێسی شكۆمەندی بارسێلۆنا بگەڕێنێتەوە.
لامین یامالی 18 ساڵ، لە ئەكادیمیای بارسێلۆنا پێگەیشتووە، لەگەڵ تیپی یەكەمی بارسێلۆنا لە كۆی 111 یاری، 27 گۆڵ و 38 ئاسیستی كردووە، هەموو نازناوە بە كۆمەڵەكانی لەنێوخۆی ئیسپانیا بردووەتەوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە نازناوێك لەسەر ئاستی ئەورووپا بباتەوە، وەرزی رابردوو لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتە قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment