وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە

وەزیرانی دەرەوەی سووریا و تورکیا کۆبوونەوە و جەختییان لەوە کردەوە، دەبێتە هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار خێراتر بکرێن، هاوکات داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، فشارەکانیان لەسەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان سەر سووریا فراوانتر بکەن.

چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانییان کرد و هەر دوو لا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و بابەتە هاوبەشەکان کرد.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، هەنگاوی کردەیی بۆ بەدیهێنانی ڕێگا چارەی ئاشتی و یەکگرتنەوەی سووریا بنێت.

دەشڵێت: حکوومەتی سووریا بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئیرادەیەکی بەهێزی بۆ شەڕکردن دژی داعش هەیە و تورکیاش ئامادەیە هەموو پشتیوانییەک پێشکەش بکات.

فیدان ئاماژەشی دا، سەقامگیری سووریا بۆ ئێمە گرنگترین کارە و نابێت هیچ لایەنێک سوود لە ناسەقامگیرییەکەی وەربگرێت، هاوکات یەکگرتنەوە حکوومەتی سووریا لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، هەروەها پێویستە هەموو سزاکانی سەر سووریا دەستبەجێ هەڵبگیرێن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی سوەیدا دەکەن، دەستوەردانەکانی ئیسرائیلیش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکە، هاوکات هەوڵە تاکلایەنەکانی ئیسرائیل بۆ تێکدانی سەقامگیریی سووریا، دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی. گوتیشی: هێرشەکانی ئیسرائیل پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لەسەر سووریا، بۆیە داوای پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا دەکەین.

لەباری غەززەوە ئاماژەی دا "ئەگەر ئەنجامەکانی دانوستانی حەماس و ئیسرائیل باش بن، ئەوا هەر ئەمڕۆ ئاگربەست ڕادەگەینین."

لای خۆیەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "گفتوگۆکان دوێنێ سێشەممە لەگەڵ هەسەدە بۆ جەختکردنەوەیە لەسەر پابەندبوون بە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و دووپاتکردنەوەی یەکپارچەیی سووریا.هەروەها هەسەدە وەکوو پێویست هەنگاوی جددی ناگرێتە بەر و تا ئەمڕۆ نەگەیشتووینەتە هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە. دەشڵێت: "ئێمە بۆ مافەکانی کورد زۆر نیگەرانترین."

شەیبانی باسی لەوەش کرد، "ڕووخانی ڕژێمی پێشوو کۆتاییهێنان بوو بە سەردەمێکی تاریک کە زیاتر لە 60 ساڵی خایاند، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ملیۆنێک سووری گیانیان لەدەستدا و سەرەڕای ئەم قۆناغە، بەڵام ئێمە لە چەند مانگێکی کەمدا توانیمان دەوڵەتی مەدەنی دروست بکەین و دەوڵەتێکی دادپەروەری و فرەیی پێکبهێنین."

شەیبانی دەشڵێت: ئێمە دابەشبوونی سووریا بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە، چونکە سووریا وڵاتێکی یەکگرتووە،داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر خاکی سووریا و بە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی ساڵی 1974 پابەندی بکات.

وەزیر دەرەوەی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، سووریا بە ڕۆڵ و پشتیوانی تورکیا و توانی بگەڕێتەوە سەر پێگەی مێژوویەکی خۆی لەنێو وڵاتاندا. هاوکات سەردانەکەمان بۆ تورکیا بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژیمانە لەسەر بنەمای شەفافیەت و گفتوگۆ کردن.

 
Fly Erbil Advertisment