ترەمپ: ئەگەری هەیە ڕۆژی دووشەممە بارمتەکان ئازاد بکرێن

لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیاند و پێشبینیی کرد، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بارمتەکان، بە تەرمی کوژراوەکانیشەوە، ئازاد بکرێن.

لە لێدوانەکەیدا، ترەمپ گوتی: "پێموایە ڕۆژی دووشەممە بارمتەکان دەگەڕێندرێنەوە و ئەوەش تەرمی کوژراوەکانیش دەگرێتەوە." 

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتەکەی "بەشێک دەبێت" لە ئۆپەراسیۆنی ئاشتیپارێزی و هەروەها بەشداریی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا دەکات.

ترەمپ ڕۆژەکەی بە "ڕۆژێکی گەورە بۆ ئیسرائیل و جیهان" وەسف کرد و ئاشکرای کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "زۆر باشی" لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجامداوە.

لەلای خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ پشتڕاستی کردەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە کابینەی حکوومەتەکەی بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە کۆدەبێتەوە.

هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ڕێککەوتن کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کشانەوەی داگیرکاری، هاتنەناوەوەی هاوکاریی و ئاڵوگۆڕی دیلەکان."

حەماس سوپاسی هەوڵی نێوەندگیری قەتەر، میسر و تورکیای کرد و هەروەها هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپیشی بەرز نرخاند. بزووتنەوەکە داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد، پابەندبوونی ئیسرائیل بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەوە مسۆگەر بکەن.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان، واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وڵاتی میسر بەڕێوەدەچێت.

جێی باسە، لە کۆی 251 کەس کە لە7ـی تشرینی یەکەمی 2023 ڕفێندران، هێشتا 47 کەسیان لە غەززە دەستبەسەرن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment