حەماس: چاوەڕێی پەسەندکردنی لیستی کۆتایی زیندانییەکانین بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە

بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، چاوەڕێی پەسەندکردنی کۆتایی لیستی ئەو زیندانییە فەڵەستینیانەیە کە بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.

لە بەیاننامەیەکدا، حەماس دووپاتی کردەوە: "بزووتنەوەکە لیستی زیندانیانی فەڵەستینی بەپێی ئەو پێوەرانەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە پێشکەش کردووە و چاوەڕێی ڕەزامەندیی کۆتایین لەسەر ناوەکان، تاوەکو بە فەرمی ڕایبگەیەنین."

سەرچاوەیەک لە حەماسەوە ئاشکرای کرد، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە ئازادکردنی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر زیاتر لە دوو هەزار زیندانیی فەڵەستینی لەخۆدەگرێت، کە بڕیارە لە ماوەی 72 کاتژمێری یەکەمی جێبەجێکردنیدا ئەنجام بدرێت.

هاوکات، حەماس هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی غەززە و داوایان لێدەکات 'زۆر وریا بن' تا ئەو کاتەی ڕاگەیاندنێکی فەرمی و پشتڕاستکراوە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچێت.

پێشتر حەماس سوپاسی هەوڵی نێوەندگیریی قەتەر، میسر، تورکیا و هەروەها هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپی کردبوو. ئەمەش دوای سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو "ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان واژۆ کردووە"، کە بەپێی ئەو پلانە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و هێزەکانی ئیسرائیل بۆ هێڵێکی دیاریکراو دەکشێنەوە وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو ئاشتی.

بزووتنەوەکە داوای لە سەرۆک ترەمپ و وڵاتانی گەرەنتیکاری ڕێککەوتنەکە کردووە کە ئیسرائیل پابەند بکەن بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment