ئەمەریکا سزای بەسەر دەیان کۆمپانیادا سەپاند

ئەمەریکا سزای بەسەر 29 کۆمپانیا لە چین، تورکیا و ئیماراتدا سەپاند، سەپامدمی سزاکەش بەهۆی ئاسانکاری بۆ کڕینی پێکهاتە ئەلیکترۆنییە ئەمەریکییەکان بووە کە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بەکاردەهێنرێن و لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە بەکار دەهێنرێن.

ڕۆژنامەی فەرمی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە کە وەزارەتەکە، 10 کۆمپانیای چینی خستووەتە لیستی ئەو قەوارانەی کە سنووری هەناردەکردن و مۆڵەتدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش بەهۆی ئاسانکاری بۆ کڕینی ئەو پێکهاتانەی کە لە سیستەمی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سەربازیی بەکاردەهێنرێن لەلایەن هاوپەیمانانی تاران، لەوانەش حووسییەکان.

لە ڕۆژنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێنج کۆمپانیای چینی دیکە خراونەتە لیستەکەوە، چونکە هەندێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023دا دۆزیوەتەوە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێنرابوو. ئەوانیش حەماس بەهاوپەیمانی ئێران دەزانن.

هەروەها کۆمپانیایەکی دیکەی چینی وەک بەشێک لە تۆڕێکی نایاسایی دەستنیشانکراوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێکهاتەکانی دیکە دەکڕێت و دواتر بۆ ئەو کۆمپانیایانە دابین دەکات کە بەناوی IRGC-QF کاردەکەن.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوایین بڕیاردا کۆی گشتی 29 کۆمپانیای دیاریکردووە، لەنێویاندا کۆمپانیاکان بنکەیان لە تورکیا و ئیماراتە.

ئەم کۆمپانیایانە دەخرێنە لیستی یەکەکانی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاوە کە چالاکییەکانیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا پۆلێن دەکات. هەناردەکردن بۆ ئەم کۆمپانیا لیستکراوانە پێویستی بە مۆڵەتی تایبەت هەیە کە ئەگەری هەیە ڕەت بکرێتەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment