تۆم باراک پەیامێک ئاراستەی پێکهاتەکانی سووریا دەکات

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا

نێردەی، تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا پیرۆزبایی سەرهەڵدانەوەی هیوا لە گەلی سووریا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان، ئێستا دەرفەت بۆ بنیاتنانی ئاشتی و یەکڕیزی لەو خاکە ڕەخساوە.

دووشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا بەبۆنەی ساڵیادی ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵات کردووە و نووسیویەتی: بۆ هەموو سوورییەک لە سوننە، عەلەوی، کورد، مەسیحی، درووز، عەرەب، تورکمان، چەرکەس و هەموو ئەوانەی ئەو خاکە بە ماڵی خۆیان دەزانن؛ لەدوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە بە ئازار و مەینەتیدا، ئەمڕۆ ئێمە ئاهەنگ دەگێڕین بەبۆنەی سەرهەڵدانەوەی هیوا هاوبەشەکەتان.

ئەو نێردەیە ئەمەریکییە لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە ئەمە دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئاشتی، یەکڕیزی و خۆشگوزەرانی، هاوکات داهاتوو موڵکی هەمووتانە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەمین ساڵیادی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەدە، سوورییەکان ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن، ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە، بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەوڵی نەهێشتنی لێکەوتە و کاریگەرییەکانی 13 ساڵەی شەڕی ناوخۆ و ڕێگری لە دابەشبوونی سووریا دەدات.

بە گۆڕانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسیی سووریا لە دوای ساڵێک، حکوومەتەکەی شەرع تەنیا توانیویەتی بەشێک لە سزا و گەمارۆ سەپێندراوەکانی سەردەمی ئەسەد،  لە سەر دیمەشقی سووک بکات، کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە سەپێندراون.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستاش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل