وەزارەتی ناوخۆ: پێنج ساڵە هیچ تەوەرێکی ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: پێنج ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی شنگال تێپەڕ دەبێت و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری و ئەمنی بونیاتنانەوە جێبەجێ نەکراون.
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی پێنج ساڵدا بەسەر ڕێککەوتنی شنگال دەڵێت: ئەو ڕێکەوتنە نەخشە ڕێگای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێرانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان، بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاری حکوومەتی فیدراڵ.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و ڕێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن، ئەمەش بووەتە هۆکاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان و بێئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەیە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتیانی دیکەی ڕەسەن بۆ زێدی خۆیان.
دەڵێت: بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال .