بنكەیەكی تەندروستی و هۆڵێكی وەرزشی لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێر كرانەوە

بەبۆنەی 46 ساڵەی دامەزراندنی خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، بنكەیەكی تەندروستی و هۆڵێكی وەرزشی لە نێو خانەکە کرانەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ، بەبۆنەی 46 ساڵەی دامەزراندنی خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، لە ڕێورەسمێكدا، بنکەیەکی تەندروستی و هۆڵێکی وەرزشی کردەوە، هاوکات ڕێزلێنانی پێشكەش بە چەند کەسایەتییەکی شاری هەولێر کرد کە هاوکار و هەماهەنگی خانەكە بوونە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە ڕێورەسمی كردنەوەی بنکە تەندروستی و هۆڵە وەرزشییەکە، پارێزگاری هەولێر ڕۆڵی خێرخوازانی بەرز نرخاند لەهاوكاریكردن و یارمەتیدانی خانەكە، بەتایبەتییش دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سووری عێراق، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەكانی پارێزگا.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەکردەوە، لە نزیکەوە چاودێری بەساڵاچووانی خانەکە دەکرێت، گوتیشی: ئەرکی ئێمە و هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتە خزمەت بە بەساڵاچووەکان بکەین.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، سەرباری ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەران، بەڵام بەساڵاچووانی خانەکە ژمارەیان 65 بۆ 75 کەسە، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە تا ئێستا کۆمەڵگەی کوردستانی لە ڕووی کۆمەڵایەتی ئەو داب و نەریەتە ئەو فەرهەنگەی کە هەیە، پاریزگاری لێ کراوە.
دواتر پارێزگاری هەولێر، ڕێزلێنانی پێشكەش بە ژمارەیەك كەسایەتی شاری هەولێر كرد كە هاوكار و هەماهەنگ و یارمەتیدەری خانەكە بوونە .