مۆزەخانەی هەولێر بههۆی نۆژهنكردنهوه بۆ ماوەیهك پێشوازی لە سەردانیکار و گەشتیاران ناکات

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر باس لەوە دەکات، بە تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی هەولێر، ژمارەی سەردانیکاران و گەشتیاران زیاد دەبێت. هەروەها مۆزەخانەکە زیاتر لە پێنج هەزار کەرستە و کەلوپەلی تێدایە.
نادر بابەکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی تەواونەبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی، مۆزەخانە و کەلەپووری هەولێر بۆ ماوەی 20 ڕۆژ دادەخرێت و هیچ کەسێک ناتوانێت سەردانی بکات.
نادر بابەکر، گوتیشی: ماوەیەکی زۆرە کار لەنێو مۆزەخانە دەکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی مۆدێرن نۆژەن بکرێتەوە، چونکە باڵەخانەی پێشوو زۆر کۆن بوو، ئەمە جگە لەوەی دەبووە هۆی تێکچوونی کەرستەکانی ناوەوەی، بۆیە بە تەواوبوونی کارەکانی، گۆڕانکاری زۆر ڕوودەدات، تەنیا سەقف و بەستنی کارەبای ناوەوهی ماوە، هەروەها بەشی مارکیتینگ و کافتریای مۆدێرنی تێدایە.
ئاماژەی بەوە کرد، مۆزەخانەی هەولێر خاوەنی زیاتر لە پێنج هەزار کەرستە و کەلوپەلە، مێژووی هەندێکیان بۆ زیاتر لە 30 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
باسی لەوەش کرد، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری سەردانیکار و گەشتیاری بیانیب سەردانی دەکەن، بەتایبەتی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە، لە ساڵی 1985دەست بە دروستكردنی مۆزەخانەیەكی نوێ لە تەنیشت گردی قالینج ئاغا كراوە و لە ساڵی 1989 باڵەخانەی مۆزەخانەكە تەواو كراوە و بە فەرمی بە ڕووی سەردانیكاراندا كراوەتەوە.