ئەیوب گەڵاڵی: پارتی پارێزەری شکۆی کوردستانە

كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق ئاماژه بهوه دهكات، پارتی خۆی بە خاوەنی پرسی کوردستان دەزانێت و پارێزەری شکۆی هەرێمی کوردستانە؛ دهشڵێت، ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و ئەگەری ڕوودانی سوپرایزی گەورەی تێدایە.
د. ئەیوب گەڵاڵی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق تایبهت به كوردستان24 تیشکی خستە سەر گرنگی بەهێزبوونی پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژە و لە ماوەی نزیکەی 80 ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە گەشەکردنی بەردەوامدا بووە.
بە بڕوای د. ئەیوب گەڵاڵی، ئەم بەردەوامییە لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی وهستاوه: یەکەم، کەلتوور و كهلهپووری بارزانیی نەمر؛ دووەم، سەرکردایەتیی حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی کە وەک مەرجەعێک بۆ هەموو لایەنەکان سەیر دەکرێت؛ سێیەم، جەماوەری بەرفراوانی پارتی کە هەمیشە پاڵپشتی بووە و لە هەڵبژاردنەکاندا ڕێژەی دەنگەکانی لە هەڵکشاندایە.
ئهو كاندیدهی پارتی باسی لەوە کرد کە مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کاندیداندا، ڕێنمایی و ئامۆژگاری پێویستی پێداون و دیدگای خۆی بۆ سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمی كوردستان و پێشخستنی خستووەتە ڕوو. گوتیشی: "دیدگای مهسرور بارزانی دوربینانەیە و جەخت لەسەر پرۆژە ژێرخانییەکان و ستراتیژییەکان دەکاتەوە، وەک پرۆژەکانی ئاو، دروستکردنی بەنداو و ڕێگاوبان، و پشتێنهی سەوزایی لە هەولێر".
گەڵاڵی پێی وایە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە و ئەگەری ڕوودانی سوپرایزی گەورەی تێدایە، چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لە هەرێمی کوردستان. جەختی لەوەش کردەوە، ئەرکی کاندیدانی پارتی قورسترە، چونکە بەهێزبوونی پارتی بە واتای بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان دێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، د. ئەیوب گەڵاڵی ڕایگەیاند کە پێویستە پارتی لە پەرلەمانی عێراق خاوەن سەنگ و قورسایی خۆی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکات. ڕەخنەشی لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق گرت کە پابەندی دەستوور نەبوون و گوتی "عێراق وڵاتێکی فیدراڵیی تەعدودییە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و هەوڵی بچووککردنەوەی دەسەڵاتەکان دەدرێت".
د. ئەیوب گەڵاڵی لە کۆتاییدا، بەڵێنی دا کە وەک کاندیدی پارتی، هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەدەن کە بە خەڵکیان داوە و گوتی "ئێمە بەڵێنێک نادەین کە نەتوانین جێبەجێی بکەین. ئێمە بە کردەوە سەلماندوومانە کە خاوەن بەڵێنی خۆمان بووین، ژێرخانی ئابووریی هەرێممان پێشخستووە و قەوارەی هەرێممان پاراستووە".