یەکێتی سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەرانبەر هەوڵەکانی بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، "سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێم دەکەین و خۆشحاڵین بە هەواڵی کۆتایهێنان بە ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ـی راگەیاند: لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بڕیاریداوە ئابڵوقە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت و دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی ئەورووپا و تورکیا بۆ سلێمانی دەست پێبکاتەوە.
لای خۆیەوە دانا محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە کوردستان24ـی گوت: دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێم قسەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کردووە لەسەر هەڵگرتنی ئابڵوقەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، سەرۆکی تورکیا بەڵێنی داوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، دەشڵێت: ئەمە ئاماژەیەکی دڵ خۆشکەرە و چاوەڕێی هەواڵی خۆشین.
سەرەتاکانی ساڵی 2023 تورکیا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، بە تۆمەتی بوونی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە؛ بەڵام دڵشاد نامیق، سەرۆکی ڕێکخراوی چاوی کورد بۆ توێژینەوەی سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئێستا نزیکەی چوار مانگێکە پەکەکە بڕیاری چەکدانانی داوە و هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا لەو شوێنانەدا بوونی نییە کە پەکەکە مۆڵگەی سەربازی لێیە، بۆیە پێویستە ئابڵوقەکانی سەر فڕۆکەخانەکە هەڵبگیرێت.