بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلە دوورگەی مینداوناوی باشووری فلیپینی هەژاند

بەیانی ئەمڕۆ هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە بە پێوەری ڕێختەر، دوورگەی مینداوناوی باشووری فلیپینی هەژاند، دوای بوومەلەرزەکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هۆشدارییان لە ئەگەری ڕوودانی شەپۆلی تسۆنامی وێرانکەردا بەپێی پێشبینییەکان مەترسی دروستبوونی تسۆنامی لە ئیندۆنیزیا و پاڵاوش هەیە.
دەزگای ڕووپێوی بوومەلەرزەی فلیپینی ڕایگەیاند، ناوەندی بوومەلەرزەکە نزیکەی 62 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی مانایەوە دوورە و قووڵییەکەی نزیکەی 10 کیلۆمەتر دەبێت.
دەزگاکە ئاماژەی بەوەدا کە، لەوانەیە لەرینەوەی زەوی دوای بوومەلەرزەش ڕووبدات، هاوکات داوای لە دانیشتوانی ناوچە کەناراوەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات کرد دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن بەرەو ناوچە بەرزەکان بچن، هۆشداریشدا لەوەی ئەگەری هەیە شەپۆلەکانی تسۆنامی زیاتر لە یەک مەتر لە ئاستی ئاسایی بەرزتر بێتەوە، ئەگەریشی هەیە لە کەنداو و گەروو داخراوەکاندا ئاستی بەرزتر بێت.
لە لای خۆیەوە، سەنتەری ئەوروپی-دەریای ناوەڕاست بۆ چاودێریکردنی بوومەلەرزەکان ڕایگەیاند: بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 58 کیلۆمەتر ڕوویداوە، لەکاتێکدا سیستەمی ئەمریکی بۆ هۆشداری تسۆنامی هۆشداری سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەپۆلی تسۆنامی بە درێژایی 300 کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکەوە داوە.
تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک بڵاونەکراوەتەوە کە زیانە گیانی و ماددییەکانی پشتڕاست کردبێتەوە، لەکاتێکدا دەسەڵاتە خۆجێییەکان بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و هەر پێشهات و گۆڕانکارییەکی نوێ.
لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.9 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە فیلیپینی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 69 کەس و برینداربوونی 147 کەس.
ڕوودانی بوومەلەرزە لە فلیپین ئاساییە، چونکە دەکەوێتە سەر بازنەی ئاگریی زەریای هێمن، کە کەوانێکە لە چالاکی بەهێزی بوومەلەرزەیی کە لە ژاپۆنەوە درێژ دەبێتەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بە حەوزی زەریای هێمن دا تێدەپەڕێت.