لە سۆران 72 قوتابی و 62 مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوون

وەزارەتی پەروەردە 20 رۆژ جارێک داوای داتای کۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە دەکات

 

K24 - هەولێر

نزیکەی مانگێک بەسەر کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە و، لەو ماوەیەشدا 72 قوتابی و 62 مامۆستا لە سۆران تووشی کۆرۆنا بوون.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند "وەزارەتی پەروەردە 20 رۆژ جارێک داوای داتایەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە دەکات سەبارەت بە تووشبوونی قوتابی و مامۆستایان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

لە هەرێمی کوردستان دەوامی قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕاوە و ئەمساڵ تەنیا پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 27-9-2020 دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە لە هۆڵەکانی خوێندندا، هەروەها پۆلی یەک و دووی بنەڕەتیش لە 10-10.

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، دەبێت قوتابییانی دیکە جگە لە پۆلی یەک و دووی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بەشێوەی ئۆنلایین بخوێنن، جگە لەو شوێنانەی هێڵی ئینتەرنێتیان نییە یان خراپە، هەروەها جگە لە گوندەکانی ژمارەی قوتابییان کەمە.


پەروەردەی سۆران تائێستا دوو داتای بە وەزارەتی تەندروستی داوە، مامۆستا عەزیز دەڵێ "بەپێی داتاکانمان تائێستا نزیکەی 72 قوتابی و 62 مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوون، کە خۆشبەختانە 20٪ـیان چاکبوونەتەوە".

ئەو داتایەی وەزارەتی پەروەردە داوای کردووە، بۆ ئەوەی ئاگاداربێت لەوەی پەتای کۆرۆنا تاچەند روو لە هەڵکشانە یان لە دابەزینە لەنێو قوتابخانەکان و، "لەمبارەیەوەش بڕیار لەسەر پرۆسەی خوێندن بدات".

هـ.ر.