لە ئێرانەوە هاوردەکردنی پەلەوەر قەدەغە کرا

دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەی لە چەند شارێکی وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی هەموو جۆرە پەلەوەرێکیان لە ئێرانەوە قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی تەیفور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستیی ئاژەڵیش (WOAH) هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە. ئەم ڕێکخراوە کە لە ساڵی 1924 دامەزراوە، چاودێریی تەندروستیی ئاژەڵ لە 180وڵاتی جیهاندا دەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر، بەتایبەتی لە دەروازە سنوورییەکان، بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە. بڕیارەکە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی پەلەوەر، بەتایبەتی مریشک، دەگرێتەوە.
بڕیارەکە لە دوێنێوە (هەینی) خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە فەرمی ڕێگری لە هاوردەکردنی پەلەوەر دەکرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ بازرگانێک ناتوانێت لە ئێستادا پەلەوەر هاوردەی هەرێمی کوردستان بکات.