ئەمەریکا پاداشتێکی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی دوو ئێرانی تەرخان کرد

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاداشتێکی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە زانیاری لەسەر دوو کەسایەتی ئێرانی بە ناوەکانی "مەجید نیلی و مەهدی فەرشچی، چالاکییەکانی کۆمپانیای بازرگانی 'بێهژول پارس' بدات.

بەرنامەی پاداشت لەپێناو دادپەروەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، "مەجید نیلی و مەهدی فەرشچی لە ڕێگەی ئەم کۆمپانیایەوە هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی نایاسایی تەکنەلۆژیا و کەرەستەی گرنگی پێویست بۆ کەرتی سەربازی ئێران، لەوانەش سوپای پاسداران بەدەستبهێنن."

بەرنامەی پاداشتی ئەمەریکا داوای کردووە هەرکەس هەر زانیارییەکیان لەسەر نیلی وفەرشچی یان چالاکییە داراییەکانی بێژول پارس هەبوو، پەیوەندی بە بەرنامەکەوە بکەن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە 30 تەممووزی ڕابردوودا گەورەترین پاکێجی سزاکانی بەسەر زیاتر لە 100 کەس و قەوارەی ئێرانی و کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەر بە حوسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری سیاسی ڕێبەری ئێراندا سەپاند.

هەروەها ئێران چەندین جار ئیدانەی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکای کردووە و جەختی کردووەتەوە، کە ئەوان لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ناوەستن و هەروەها بازرگانی نەوتیش ڕاناگرن.

 
 
Fly Erbil Advertisment