ڕێگای حەوت گوندی قەزای باتیفا قیرتاو دەکرێن
دوای ئارامبوونەوەی ناوچەکە بەهۆی ڕاوەستانی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە چاککردن و قیرتاوکردنی ڕێگای حەوت گوندی سەر بە قەزای باتیفا.
هاوڵاتییەک بە ناوی سەدیق بنیامین کە جووتیارە و دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانە، خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوە دەربڕی و گوتی: "پیشتر زۆر ناخۆش بوو، بەڵام ئێستا کە دێیتە ئێرە وەک ئەوە وایە لە بەهەشتدا بیت."
محەمەد نووری، هاوڵاتییەکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: "دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، حکومەت دەستی کردووە بە چاککردنی ڕێگاکانمان کە پێشتر زۆر خراپ بوون و هاتوچۆکردن سەخت بوو، سوپاس بۆ خوا ئێستا وردە وردە چاک دەکرێن و هیوادارین لە نزیکترین کاتدا تەواو ببن".
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، حاجی عەبدولەتیف، بەکوردستان24ـی گوت: پڕۆژەکە حەوت گوند دەگرێتەوە کە بریتین لە: دێمکا، سەرکێ بێسیلێ، سۆریا، شیلان، شیرین و کێشانێ. هەروەها گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2010ەوە دەستی پێکردووە بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە وەستابوو، ئێستا دووبارە دەستمان پێکردووەتەوە و بڕیارە بەزووترین کات تەواو بکرێت."
بۆ ئەم پڕۆژەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەشت ملیار دیناری تەرخان کردووە.
قایمقامی باتیفا، فەرهاد مەحموود، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە داڕێژراوە، بڕیار دراوە خزمەتگوزاریی بگەیەنرێتە هەموو ئەو گوندانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەنێویاندا چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان."
جێگای ئاماژەیە کە ماوەی چوار ساڵە باتیفا کراوە بە قەزا و لەو کاتەوە خزمەتگوزارییەکی زۆر پێشکەش بە ناوچەکە کراوە، لەوانە قیرتاوکردنی زیاتر لە 180 کیلۆمەتر ڕێگای ناوخۆیی.