سەرەڕای ئاگربەست، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن

سەرچاوە پزیشکییە فەڵەستینییەکان ئەمڕۆ شەممە،11ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕایانگەیاند، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل نەوەستاون و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە 155 تەرمیان وەرگرتووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، 135 تەرم لەژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا دۆزراونەتەوە، هاوکات 19 هاووڵاتیی دیکە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە نوێیەکاندا گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی سپاردووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین (وافا) ڕایگەیاندووە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 67 هەزار و 211 کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هاوکات 169 هەزار و 961 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیش دا ماونەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندبوو "ناتانیاهۆ و ترەمپ، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment