پرۆژەی ڕووناکی گەیشتە زاخۆ
دوای دوو ڕۆژ لە دەستپێکردنی پڕۆژەی کارەبای 24کاتژمێری لە شاری زاخۆ، تا ئێستا هیچ کێشە و گرفتێک لە پڕۆژەکەدا دروست نەبووە و دانیشتوانی شارەکەش خۆشحاڵی خۆیان بەم پڕۆژەیە دەردەبڕن.
مێڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای24 کاتژمێری وەک ئەزموونی لە سەنتەری قەزای زاخۆ دەستیپێکردووە و تا ئێستا هیچ گرفتێک ڕووی نەداوە، تەنیا لە چەند شوێنێک بۆ ماوەی دوو بۆ سێ خولەک کارەبا بڕاوە و دواتر کێشەکە چارەسەر کراوە.
گوتیشی: یەکێک لە گەڕەکەکانی زاخۆ، گەڕەکی 12 مەلایە، کە یەکێکە لەو گەڕەکانەی مۆلیدەی لێ هەڵگیراوە و لە شەوی پێنجشەممەوە کارەبای24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە، دانیشتوانی ئەم گەڕەکە ئاماژە بەوە دەکەن، پێشتر بەهۆی دەنگ و دووکەڵی مۆلیدەکانەوە بێزار ببوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر باشتر بووە.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نزیکەی 80 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، کە بریتین لە ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان. بڕیارە لە داهاتوودا ئەم پڕۆژەیە هەموو شوێنە بازرگانییەکان و بازاڕەکانیش بگرێتەوە.
تاقیکردنەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەگەر سەرکەوتوو بوو، لە قەزای باتیفا و ناحیەکانی دیکەی وەک ڕزگاری و دەرکار و بێگۆڤاش جێبەجێ دەکرێت.
هەڵگرتنی مۆلیدەکان لە ناو شاردا کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ژینگەش دەبێت و هەوای شارەکە پاکتر دەکاتەوە.