زێلێنسکی: پێشوازی له پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکهم

ههردوو سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەمەریکا به تهلهفۆن قسهیان كرد و باسیان لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد.
شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: به تهلهفۆن قسهم لهگهڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا كرد و پەیوەندییەكهمان بهرههمدار بوو.
زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە، بە بۆنەی ئاگربەستی غەززە و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەمەریکا کردووه. دەشڵێت: ئەگەر شەڕێک لە هەر شوێنێک کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەوەی شەڕ لە ناوچەکانی دیکەش کۆتایی بێت، بۆ نموونه جهنگی وڵاتهكهی لهگهڵ ڕووسیا.
هەروەها نووسیویەتی: گفتوگۆمان لە بارەی ئەو دەرفەتانەی پەیوەست بە بەرەوپێشبردنی توانای بەرگری و ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتیی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان کرد؛ هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی پشتگیرییەکانی ترەمپی لە وڵاتەکەی کرد.
لە کۆتاییدا زێلێنسکی به پێویستی زانیوه ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ ڕێککەوتن و ڕێگەچارەی دیپلۆماسی پیشان بدات.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لەو بارەوە لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ و زێلێنسکی، باسییان لە مووشەکی تۆماهۆک کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.
ئەمەش لە کاتێکدایە، زێلێنسکی پێشتر داوای لە ئەمەریکا کردبوو، مووشەکی تۆماهۆک لە ڕێگەی هاوپەیمانیی بدهنه وڵاتهكهی، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات، لە وەڵامدا سەرۆکی ئەمەریکا گوتبووی: "دەبێت بزانم ئۆکرانیا ئەو مووشەکانە بۆ چی بەکار دەهێنێت.
هەروەها ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لەم بارەوە هۆشداری دابوو، ئەگەر ئەمەریکا ئەو مووشەکانه بداتە ئۆکرانیا، كێشه بۆ پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن دروست دهبێت.