فرانس پرێس باس لە نمایشە هونەرییەکەی سلێمانی دەکات
لە شەقامی سالم دەیان پارچە جل وەکو کارێکی هونەری نمایشکراون
K24- هەولێر:
ئاژانسی فرانس پرێس، هەواڵێک لەسەر نمایشی جلی ئەو خانمانە دەکات کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە لە سلێمانی.
تارا عەبدوڵا، کە بە کارەکە هەستاوە دەڵێت، سێ مانگ لەمەوبەر دەستمکرد بە کۆکردنەوەی جلی ئەو خانمانەی لە لایەن مێرد و خێزانەکانیان تووندووتیژیان بەرامبەر کراوە.
تارا داوای لە خانمان کردووە، هەر کەسێک تووندووتیژی بەرامبەر کراوە و ئاسەواری تووندووتیژیەکە بەسەر جلەکانییەوە ماوە، جلەکە ببەخشنە کارەکە.
دەشڵێت، من زۆر چیرۆکم لەبارەی تووندووتیژی لەم کۆمەڵگەیەدا بیستووە و توێژینەوەم کردووە، هەر پارچەیەک لەم جلانە، چیرۆکێک دەگێڕێتەوە.
لە شەقامی سالمی سلێمانی، وەکو کارێکی هونەری و دەرخستنی تووندووتیژی بەرامبەر بە خانمان، تارا هەموو ئەو جلانەی هەڵواسیووە و پێکەوە نمایشی کردوون.
هەرێمی کوردستان بێبەش نییە لە کێشەی تووندووتیژی دژی خانمان، بە تایبەت کوشتن لەسەر شەرەف، بەڵام ئەم کارە لێکدوانەی جیاوازی بۆ کراوە، هەندێک رەخنەی لێگرتووە بە کارێکی هونەری نازانن، هەندێکی دیکەش ستایشی بیرۆکەکەیان کردووە.
AFP