ستارمەر و گۆتێرێز بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە بەشداریی لووتکەی شەرم شێخ دەکەن

نووسینگەی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند ناوبراو سبەی دووشەممە بەشداری لە لووتکەی نێودەوڵەتیی شەرم شێخ دەکات، کە تایبەتە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس. هاوکات، نووسینگەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەبوونی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لە لووتکەکەدا پشتڕاست کردەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە لەلایەن "داونینگ ستریت"ەوە بڵاوکراوەتەوە، "سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، گەشت بۆ میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ."

بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە کە ستارمەر "بەشداری لە مەراسیمی واژۆکردنی پلانی ئاشتی بۆ غەززە دەکات. کە نوێنەرایەتیی خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی دەکات بۆ ناوچەکە، دوای دوو ساڵ لە ململانێ و خوێنڕشتن."

لەلای خۆیەوە، نووسینگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەبوونی ناوبراوی لە لووتکەکەدا پشتڕاست کردەوە.

 ڕاشیگەیاند: "گۆتێرێز گەشت میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ سبەی دووشەممە،" ئاماژەی بەوەشکرد ڕۆژی چوارشەممە دەگەڕێتەوە بۆ بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment