لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا سێ دیپلۆماتکاری قەتەری گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان و میدیاکانی میسر، لە شاری شەرم شێخ، ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوویدا و تێیدا سێ ئەندامی شاندی قەتەر گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووە شاندەکە بۆ ئامادەکارییەکانی "لووتکەی شەرم شێخ بۆ ئاشتی" سەردانی ئەو شارەیان کردبوو، کە بڕیارە بە سەرۆکایەتی هاوبەشی میسر و ئەمەریکا و بە بەشداری سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵات بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاگربەست لە غەززە بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان و میدیاکانی میسر، ڕووداوەکە لەسەر ڕێگای "توور - شەرم شێخ" و نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شاری شەرم شێخەوە ڕوویداوە. هۆکاری ڕووداوەکە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی تایەی ئۆتۆمبێلەکە بووە لەلایەن شۆفێرەوە، کە بووەتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە.

لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا سێ دیپلۆماتکاری قەتەری گیانیان لەدەستدا کە بریتی بوون لە؛ عەبدوڵڵا غانم سەیف، حەسەن جابر، سعود بن سامر. هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا عیسا ئەلکوالی و محەمەد عەبدولعەزیز بوعانین بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی شەرم شێخ.

دەسەڵاتدارانی میسر دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ زانینی تەواوی هۆکارەکانی ئەم ڕووداوە. باڵیۆزخانەی قەتەر لە قاهیرە لە بەیاننامەیەکدا خەمباری خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی دیوانی ئەمیری دەربڕی و ڕایگەیاند و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر دەکەن بۆ گواستنەوەی تەرمەکان و بریندارەکان بۆ دەوحە.

ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە، کە قەتەر ڕۆڵێکی گرنگی تێدا دەگێڕێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment