ڕۆژنامەیەکی ئێران: تۆفانی ئەقسا هەڵە بوو
چوونەدەرەوەی سووریا لە بەرەی ئیسرائیل و قووتدرانی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە یەکێکە لە گەورەترین زیانەکانی ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو .

ڕێککەوتنی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی دیل و بارمتەکان، لە کاتێکدا کە لە ڕووی وەستاندنی خوێنڕێژییەوە ڕووداوێکی دڵخۆشکەرە، ئەم پرسیارە گرنگە لە بیری گشتیدا دروست دەکات، ئایا تۆفانی ئەقسا لە بەرژەوەندیی کێدا بوو؟
ڕۆژنامەی 'جمهوریی ئیسلامی' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی گشتگیر و ڕوون، سەرەتا دەبێت ئەوە قبووڵ بکەین کە شەڕی غەززە بە لەبەرچاوگرتنی پاڵنەری سەرهەڵدانی و ئەو لێکەوتانەی کە هەیبوو، تەنیا بۆ یەک لایەن نەبووە و نییە. ئەم شەڕە بە تۆفانی ئەقسا لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێ کرد و جگە لە حەماس و ئیسرائیل، لوبنان، سووریا، یەمەن و ئێرانیشی تێوە گلا."
هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەریش یەکێک بوو لە لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوە، بەڵام دەکرێت ئەوەش بخرێتە ئەستۆی حەماس، چونکە ئامانج تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوو و شێخەکانی قەتەر، کە لە بنەڕەتدا لە هیچ کاتێکدا هەستیان بە دژایەتیی ئیسرائیل نەدەکرد و لەم هێرشە سووکایەتی پێکردنەش، بە گوتەی میری قەتەر بە 'بێزیان' تێپەڕین.
ئێستا دەتوانرێت وەڵامی پرسیارەکەمان لەم چەند تەوەرەدا بدۆزرێتەوە:
1- ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی زۆربەی شیکاری و بۆچوونەکان، تۆفانی ئەقسا هەڵەیەک بوو. ئێمە هەر لە یەکەم ساتەکانی بیستنی هەواڵی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە لەسەر ئەم باوەڕە بووین و ئێستا کە زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ڕوودانیدا تێ پەڕیوە، لەسەر ئەم باوەڕەمان سوورترین.
2- وێرانبوونی غەززە کە ڕووخانی 80%ی بیناکان و هەموو ژێرخانەکانی لەخۆ دەگرێت، زیانێکی گەورەیە. کوژرانی سەرکردەکانی حەماس و نزیکەی 68 هەزار پیاو و ژن و منداڵی خەڵکی غەززە و برینداربوونی نزیکەی 200 هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی هەموو دانیشتووانی ئەم کەرته، ناکرێت هەروا بەئاسانی تەماشا بکرێت.
3- چوونەدەرەوەی سووریا لە بەرەی دژایەتیی ئیسرائیل و قووتدرانی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە یەکێکە لە گەورەترین زیانەکانی ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو و دەبێت بە یەکێک لە لێکەوتە نەرێییەکانی تۆفانی ئەقسا دابنرێت.
4- دزەکردنی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان، کوشتنی 4 هەزار کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە و لە سەرووی هەموویانەوە سەید حەسەن نەسروڵڵا، کە دەبێت لەدەستدانی ئەو، بە گەورەترین زیان بۆ بەرەی دژە ئیسرائیل لە جیهانی عەرەبیدا دابنرێت، یەکێکە لە لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی تۆفانی ئەقسا. بەشێکی گرنگی دیکەی ئەو زیانانەی بەر لوبنان کەوتوون، هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی سەر بە ئەمەریکا و هاوتەریب لەگەڵ ئیسرائیلە لە لوبنان، کە بە واتای بەهەدەرچوونی هەموو هەوڵەکانی چەندین دەیەی ڕابردوو دێت بۆ دوورخستنەوەی ئەم وڵاتە لە بازنەی هەژموونی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
5- ئەو زیانانەی لە ڕووی گیانی و ماددییەوە بەر حووسییەکانی یەمەن کەوتوون، دەبێت بە یەکێک لە لێکەوتەکانی شەڕی غەززە دابنرێن.
6- لە شەڕی 12 ڕۆژەی سەپێنراوی ئیسرائیل و ئەمەریکا بەسەر ئێراندا، هەرچەندە هێرشبەران بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن، بەڵام شەهیدبوونی هەزار و سەد کەس لە هاووڵاتیانمان کە فەرماندەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمییان تێدا بوو، زیانێکی گەورە بوو لە وڵاتەکەمان کەوت. هەروەها بۆردومانکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران یەکێک بوو لە لێکەوتە زیانبارەکانی ئەم شەڕە.
7- ئیسرائیل، پاش دوو ساڵ شەڕ لە شوێنە جیاجیاکانی فەلەستین، نەیتوانی بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی خۆی بگات کە لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بوو، بەڵام ئێستا بە نیازە بەم ڕێککەوتنە بە هەردوو ئامانج بگات.
8- هێشتا دیار نییە ئایا دوای ئازادبوونی بارمتەکان، ئیسرائیل پابەندی ئەو پەیمانە دەبێت کە لە میسر لەگەڵ حەماسدا بۆ کشانەوە لە غەززە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە، واژۆی کردووە یان نا؟ بەڵێنشکاندنی ئەمەریکا و ئیسرائیل کە بۆ هەمووان ئاشکرایە، گومانی پابەندبوونی ئیسرائیلییەکان بە بڕگەکانی پەیماننامەکە زیاتر دەکات
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە، ناتوانرێت براوەیەکی دیاریکراو بۆ ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو دەستنیشان بکرێت. بە چاودێریکردنی ئەوەی لە ڕۆژان و هەفتە و تەنانەت مانگەکانی داهاتوودا ڕوو دەدەن و تێکەڵکردنی ئەو ڕووداوانە لەگەڵ ئەو زیانانەی کە هەموو لایەنەکان تووشی بوون، ڕەنگە ڕاستییەکان وەکوو خۆیان دەربکەون.