قەیرانی سەلامەتیی قوتابخانەکانی تاران، ژیانی زیاتر لە یەک ملیۆن قوتابی خستووەتە مەترسییەوە
گرنگترین کێشە دەستنیشانکراوەکان لە قوتابخانەکانی تاراندا بریتین لە شۆرتی کارەبا، بەکارهێنانی گەرمکەرەوەی ناستاندارد و کەرەستەی گەرمکەرەوەی کۆن

یاریدەدەری پشتیوانیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران، ڕایگەیاند، لە نێوان زیاتر لە شەش هەزار قوتابخانە و ناوەندی پەروەردە لە شاری تاران، تەنیا سێ ناوەند توانیویانە بڕوانامەی سەلامەتی وەربگرن. ئەم ئامارە، بە ڕوونی قەیرانی سەلامەتی لە سیستەمی پەروەردەی پایتەختدا دەردەخات.
کامەران عەبدولی، یاریدەدەری پشتیوانیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران، دەڵێت: ژمارەی گشتیی ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکانی شەش هەزار و 420 دانەن؛ لەوانە، دوو هەزار و 913 دانەیان ناحکوومین و سێ هەزار و 129 دانەیان حکوومین.
عەبدولی دەڵێت: هەرچەندە ئەم ناوەندانە چەندین جار پشکنینیان بۆ کراوە، بەڵام ڕێژەی بەرەنگاربوونەوەی حاڵەتە مەترسیدارەکان و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە سەلامەتییەکان مایەی ڕەزامەندی نەبووە. گرنگترین کێشە دەستنیشانکراوەکان لە قوتابخانەکانی تاراندا بریتین لە شۆرتی کارەبا، بەکارهێنانی گەرمکەرەوەی ناستاندارد و کەرەستەی گەرمکەرەوەی کۆن. سەرەڕای ئەمانەش، چەندین ڕاپۆرت لەبارەی ڕووداوەکانی وەک کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی بۆیلەرەکان، داڕمانی بیر، ڕووداوەکانی لەحیمکاری و بڕینەوە و بەکارهێنانی نادروستی ماددە کیمیاییەکان لە تاقیگەکاندا، بڵاو کراونەتەوە.
یاریدەدەری پشتیوانیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران، دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئاگرکەوتنەوە، بەتایبەتی لە قوتابخانە فرە نهۆمییەکاندا، بە یەکێک لە کاریگەرترین ڕێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان دەزانێت. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێک لە بەڕێوەبەرانی پەروەردەیی هێشتا ئەم جۆرە ئامێرانەیان دانەناوە.
دابەزینی بەرچاوی پێوەری سەلامەتی لە قوتابخانەکانی تاران و ئامارە تازە بڵاوکراوەکان، جیاوازییەکی ئاشکرایان لەگەڵ داتاکانی ساڵی ڕابردوودا هەیە. قودرەتوڵڵا محەممەدی، سەرۆکی ئەوکاتی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران، لە ئەیلوولی 2024 ڕایگەیاندبوو "نزیکەی 50%ی قوتابخانەکان لە ڕووی سەلامەتییەوە لە دۆخێکی تا ڕادەیەک گونجاودان؛ ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆ لە %0.1 دابەزیووە!"
قودرەتوڵڵا محەممەدی، هەمان کات گوتبووی: "دۆخی سەلامەتی قوتابخانەکان باش نییە و تەنانەت یەک دۆسییەی سەلامەتی تەواویش پێشکەش بە ڕێکخراوەکە نەکراوە. سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان، هیچ نیشانەیەک لە هەنگاوی کاریگەر بەدی ناکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە یەک ملیۆن 132 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی تاراندا دەخوێنن؛ ژمارەیەک کە لە کۆی گشتی قوتابیانی چەندین پارێزگای وڵات زیاترە."
پشتگوێخستنی دۆخی سەلامەتیی ئەم ژمارە زۆرەی منداڵان و هەرزەکاران، نیشانەیەکی ئاشکرای قەیرانی پێکهاتەیی لە بەڕێوەبردنی پەروەردەی وڵاتدایە. بەشی زۆری قوتابخانە حکومییەکانی پایتەخت لە باڵەخانەی کۆن و داڕوخاودان؛ کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نۆژەن نەکراونەتەوە و پشتگوێ خراون. لاوازیی تۆڕی کارەبا، نەبوونی هەواگۆڕکێی گونجاو، سیستەمی گەرمکەرەوەی کۆن و کۆگاکردنی نائاسای، لە کێشە دووبارەبووەکانی ناو ڕاپۆرتەکانی پشکنینی ئاگرکوژێنەوەن.
ئامارەکانی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران، دەری دەخەن کە نیوەی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوەندە فێرکارییەکان ڕاستەوخۆ بەهۆی کێشە لە دامەزراوەکانی کارەبا و گازەوە ڕوویان داوە. هەروەها 79%ی ڕووداوەکانی دیکەی ڕاپۆرتکراو ئەنجامی کۆنی و داڕوخاوی باڵەخانەکان بووە. نیگەرانییەکان زیاتر دەبن کاتێک دەزانین کە بەپێی داتاکانی هەمان ڕێکخراو، نزیکەی نیوەی ڕووداوەکان لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا ڕوو دەدەن.
سەرباری بێباکیی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و لاوازیی چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پایتەخت، لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و لێدوانەکانی بەرپرسان دەری دەخەن، نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتوو بۆ ناچارکردنی قوتابخانەکان بە وەرگرتنی بڕوانامەی سەلامەتی و نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بەرانبەر بە بەڕێوەبەرە سەرپێچیکارەکان، هۆی سەرەکی بەردەوامیی دۆخی مەترسیداری ئێستایە، دۆخێک کە لەوانەیە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مەرگبارەکانی ڕابردوو.
کامەران عەبدولی، یاریدەدەری پشتیوانیی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران، لە کوتایی قسەکانیدا دەڵێت: ئەم دۆخە تەنیا قوتابخانەکانی تاران ناگرێتەوە، لەیادمان نەچێت، یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداو، ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی کچانەی گوندی شیناوێی پیرانشار بوو لە ساڵی 2012 دا؛ لەو ڕووداوەدا، دزەکردنی نەوت لە گەرمکەرەوەیەکی ناستاندارد و سەرلێشێواوی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو قوتابی و سووتانی 29 قوتابی دیکە.
