نزیكەی 350 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە گەنجینەی حكومەتی ھەرێم

لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی كراوە

K24 – ھەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، بە دیاریكراوی لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسای چاكسازی كە تایبەتمەندە بە خانەنشینی توانراوە مانگانە نزیكەی 350 ملیۆن دینار بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەت.

وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، بە دیاریكراوی لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسای چاكسازی كە تایبەتمەندە بە خانەنشینی، بەرێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری توانیان مانگانە نزیكەی 350 ملیۆن دینار بگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستان بە هەمواركردنەوەی لیستی موچەی پلەی شارەزاكان و دوای هەمواركردنەوەیان، توانرا جیاوازی موچەیان بۆ یەك مانگ نزیكەی (350) ملیۆن دینار بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسایی چاكسازی باس لەوە دەكرێت كە كاربە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەڵ حكومەكانی ئەم یاسایەدا ناكرێت و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (36)ی ساڵی 2004 و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەسەریاندا.