ڕێکاری نوێ بۆ چوونە ناو ناوچەی شنگن و چوار وڵاتی دیکەی ئه‌ورووپا دەرچوو

لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوەی گەشیاران بۆ ناو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، چەند مەرج و ڕێکارێکی نوێ بۆ تۆمارکردنی زانیاریی هاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی سنووری وڵاتان پەسەند کرا، لە هەنگاوی یەکەمیشدا ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە کۆچی نایاسایی بۆ ئەورووپا.

ئەم ڕێکارە نوێیانە لە ماوەی شەش مانگدا بە چەند هەنگاوێک جێبەجێ دەکرێن، پشت دەبەستێت بە پشکنینی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت، وەرگرتنی پەنجەمۆری پەنجەکان و ڕووخسار، بۆ ئەوەی مۆری ڤیزای ڕاستەقینە لە مۆری ڤیزای ساختە جیا بکاتەوە، هەروەها لە ڕۆژی 10ـی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو، ئەو بەرنامەیە لە تەواوی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کاری پێدەکرێت.

سیستەمەکە وڵاتانی ناوچەی شنگن کە وڵاتانی گه‌وره‌ی ئەورووپان، هەروەها ئایسلەندا، نەرویج، سویسرا و لیگتنشتاین دەگرێتەوە، بەڵام گەشتیارانی ئێرلەندا و قوبرس لەم ڕێکارە نوێیانە بەخشراون و نایانگرێتەوە.

 ماگنۆس ڕۆنەر، کۆمیساری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری ناوخۆیی کۆچبەران، ڕایگەیاند، سیستەمی نوێی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوە بڕبڕەی پشتی ئەورووپایە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی بۆ ئەورووپا.

ماگنۆس ڕۆنەر ئاماژەی بەوەش کردووە، سیستەمەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ژمارەی دانیشتووانی نایاساییە، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری لە ناسنامە و بەهێزکردنی ڕەوشی ئەمنییە بۆ وڵاتانی ئەورووپا.

لە بارەی گەشتیارانی بەریتانیاش دەڵێت، لە چەند خاڵێکی دیاریکراوی ئەو وڵاتە پشکنینی بایۆمەتری دانراوە، وەکوو ڕێگریەک لە زیادبوونی ئەو کەسانەی بە نایاسایی گەشت دەکەن بۆ ئەورووپا.

ئەلێکس نۆریس، وەزیری ئاسایشی سنووری بەریتانیا، ڕایگەیاند، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا، ئامانجی هاوبەشیان هەیە بۆ پارێزگاری لە سنوورەکان، ئەم ڕێوشوێنە نوێیانەش یارمەتیدەر دەبن بۆ پاراستی گیانی هاووڵاتییان و کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا.

 
Fly Erbil Advertisment