بەریتانیا 20 ملیۆن پاوەندی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە تەرخانکرد

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بڕیارە لە لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گێڕانی "ڕۆڵێکی پێشەنگ" لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە ڕابگەیەنێت.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکراوەتەوە، کییەر ستارمەر، بەنیازە لە لووتکەی ئاشتی لە شاری شەرم شێخی میسر، کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت، پابەندبوونی حکوومەتەکەی بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە دووپات بکاتەوە.
ستارمەر بەڵێنی پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بە بڕی 20 ملیۆن پاوەند (نزیکەی 26.7 ملیۆن دۆلار) دەدات، کە ئامانج لێی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری ئاو و پاکوخاوێنیی لە ماوەی دوو ساڵی شەردا زیانێکی زۆر بەر ئەو شارە بەرکەوتووە.
بڕیارە ستارمەر لە وتارەکەیدا بڵێت: "ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی چارەنووسساز بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە دەست پێدەکات و ئێستا دەبێت قۆناغی دووەم بە تەواوی دەست پێبکەین."
هەروەها حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری خۆی بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژەی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانەکانی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە دوای شەڕ. کۆنفرانسەکە بە بەشداریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، سعوودیە، ئوردن و دەسەڵاتی فەڵەستین، لەگەڵ کەرتی تایبەت و دامەزراوە داراییەکان بەڕێوەدەچێت.
لای خۆیەوە، ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ڕایگەیاند: "غەززە بە تەواوی وێران بووە، ئاگربەستەکە دەرفەتێکمان پێدەدات نەک تەنیا هەوڵە مرۆییەکان چڕ بکەینەوە، بەڵکوو چاومان لە داهاتووی بوژانەوەی غەززە بێت."
جەختیشی کردەوە، بەریتانیا ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت، ئەویش "بە کۆکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێنانی شارەزایی و وەبەرهێنان لە شاری لەندەنەوە بۆ پشتگیریکردن لە ئاوەدانکردنەوە."
سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ میسر دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت و بەشداری لەو لووتکەیەدا دەکات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.