ترەمپ بەر لەگەیشتنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پەیامی کۆتاییهاتنی شەڕی ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست گوتی، شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی هاتووە، پێش گەیشتنی بە لووتکەی شەرم شێخ، چەند کاتژمێرێک لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە، دواتر دەچێتە میسر بۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
ئەمڕۆ دوو شەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە واشتنەوە بەرە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت، لە کاتی گەیشتنی بۆ لای فڕۆکە تایبەتەکەی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا گوتی، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتایی هاتووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر باش دەبێت، چەند کاتژمێرێک لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی ترەمپە بۆ ئیسرائیل لەوەتەی بووەتەوە سەرۆکی ئەمەریکا.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، لە داهاتوودا تووشی ئالەنگاری زیاتر دەبینەوە بە تایبەت لە ڕووی ئەمنی، هەندێک لە دوژمنەکانمان دەیانەوێت سەر لە نوێ هێرشمان بکەنەوە سەر.
دۆناڵد ترەمپ، لە میانەی سەردانەکەیدا، پێش ئەوەی بچێتە لووتکەی شەرم شێخ، سەرەتا لە ئیسرائیل دادەبەزێت، لە یەکێک لە کنێستەکان وتارێک پێشکەش دەکات، کە هەر لەوێ چاوی دەکەوێت بە خانەوادەی بارمتە ئیسرائیلیەکان.
ترمپ دەڵێت، گەرەنتی زارەکی لە ئیسرائیل و حەماس وەرگرتووە بۆ ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ، گوتیشی: لەو باوەڕەدا نیم کە هیچ کامیان بیانەوێت من شەرمەزار بکەن، هەرچەندە لە هەندێک بابەتدا هاوڕای یەکتر نین، بەڵام پەیوەندییەکانم لە گەڵ ناتانیاهۆ زۆر باشە.
ئاماژەی بەوەش داوە، دەیەوێت کەرتی غەززە ببینێت و سەردانی بکات، هەروەها ئومێد دەخوازێت، هەرچی زووە ئەنجومەنێکی ئاشتی لە غەززە پێکبهێنرێت بە سەرکرادایەتی خۆی بۆ ئەوەی ئاشتی لە کەرتی غەززە بەدی بێت.
ئەم قسانەی ترمپ لە کاتێکداتە، ڕۆژی شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی شەرم شێخ ئامادە نابن.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، هیچ بەرپرس و شاندێکی ئیسرائیل ناچێتە میسر بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتان لە بارەی پرسی ئاشتی لەگەڵ حەماس.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکیدا بۆ کەس و کاری بارمتەکان گوتی، گەڕانەوەی بارمتەکان لە غەززەوە بۆ ئیسرائیل ڕووداوێکی مێژووییە، هەروەها سەرکەوتنی گەورەمان بە دەست هێناوە کە هەموو جیهان پێێ سەرسام بووە، دەمەوێت ئەوەشتان پێبڵێم، لە هەر شوێنێک شەڕمان کردبێت ئێمە سەرکەوتووین، بەڵام بۆ ئیسرائیل شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە شەرم شێخی میسر، لووتکەی نێودەوڵەتیی ئاگربەستی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرۆکی وڵات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە بچێت.