شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکی یونسکۆ دەکەن

بەئامانجی زیاتر بەرەپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و یونسکۆ لەبواری پەروەردە و زانست و میراتی کەلتووری، شاندێکی حکوومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە پاریسن بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یونسکۆ کۆببنەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕێوەڕەسمێکدا واژۆی ڕێککەوتنی لێکگەیشتن لەنێوان کۆمپانیای کار و یونسکۆ ئەنجام بدرێت.
کۆمپانیای کار، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە و لەساڵی 2014ەوە، بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لەگەڵ یونسکۆ کاردەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا خەرجکردووە.
یونسکۆ لەساڵی 2014ەوە قەڵای هەولێری خستە ناو لیستی میراتی جیهانی، لەوکاتەوە چاودێری نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر دەکات. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ کۆمپانیا کار کاریان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر کردووە.
بۆ پاراستنی شوێن و میراتی کولتووری و مێژووی کوردستان بە چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، کاری نۆژەنکردنەوە بۆ قەڵای هەولێر دەکرێت و تاوەکو ئێستا لەسەدا 95ـی کارەکانی تەواوبوون.
قەڵای هەولێر، ڕووبەرەکەی 110 هەزار مەتر دووجایە و لە 506 خانوو پێک هاتووە، بریارە لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەدا چایخانەی کولتووری و چێشتخانە و هۆتێل و دوکانی کاری دەستی لەسەر نەریتی کۆن لە قەڵا دروست بکرێن بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.