بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاهەنگی خولی سییەمی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا زیاتر لە چوار هەزار و 500 قوتابی ئاهەنگی دەرچوونیان دەگێڕن.
نەبەز ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، ئاهەنگی 30هەمین خولی دەرچوونی زانکۆی دهۆک بۆ ساڵانی خوێندنی 2024 – 2025 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یاریگەی یانەی تۆپی پێی دهۆک بەڕێوە دەچێت. گوتیشی: ئاهەنگی دەرچوون بۆ زیاتر لە 4500 قوتابی لە 19 کۆلێژی زانکۆی دهۆک دەکرێت
سەرپەرشتیاری ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک ڕاشیگەیاند، سەرەتا ئاهەنگەکە بە ڕێپێوانی دەرچووان و ئاهەنگی تایبەت بە زانکۆی دهۆک دەست پێدەکات و دواتر گوتاری سەرۆکی حکوومەی و گوتاری سەرۆکی زانکۆی دهۆک پێشکەش دەکرێت، لە قۆناغی کۆتایی ئاهەنگەکە بە دابەشکردنی بڕوانامەی دەرچوون بەسەر قوتابییان دەبێت.
زانکۆی دهۆک لە ساڵی 1992 دامەزراوە و 19 کۆلێژ و 99 بەش و پەیمانگە لە خۆ دەگرێت، کە لە بەشە زانستی، پزیشکی، مرۆیی و تەکنۆلۆژی پێکهاتوون.
میلاکی زانکۆی دهۆک 2500 مامۆستای بە پلەی جیاوازی زانستی هەیە و کۆی گشتیی قوتابییانی کۆلێژ و بەش و پەیمانگەکانی زانکۆکەش 24 هەزار قوتابییە، کە پێنج هەزاریان لە بەشە ناوخۆییەکاندان.
هەروەها زانکۆی دهۆک چەند بەشێکی دیکەش لە خۆ دەگرێت، لەوانە کەمپی زانکۆ، کتێبخانەیەکی هەیە کە زیاتر لە 250 هەزار ناونیشانی جیاوازی لە بوارەکاندا لەخۆگرتووە. هاوکات زانکۆکە پەیوەندیی لەگەڵ 50 زانکۆ و ڕێکخراوی جیهانی هەیە.
ئاماری فەرمی دەرچووانی خولی سییەمی زانکۆی دهۆک بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025
بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتی دەرچووان بریتی بووە لە 4،547 قوتابی. ئەم دەرچووانە لە 19 کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە و لە 97 بەشی زانستی بوون، کە 73 بەشیان خوێندنی بەیانیان و 24 بەشیان خوێندنی ئێواران بووە.
ڕێژەی بەرزی دەرچووانی کچان
یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم خولەی دەرچوون، ڕێژەی بەرزی دەرچووانی کچان بوو. لە کۆی گشتی دەرچووان:
کچان: 2،829 دەرچوو، کە دەکاتە ڕێژەی (62.2%).
کوڕان: 1،718 دەرچوو، کە دەکاتە ڕێژەی (37.8%).
ئەمەش بەو مانایەیە کە ژمارەی دەرچووانی کچان بە 1،111 کەس زیاتر بووە لە کوڕان، و ڕێژەیان بە 24.4 خاڵ بەرزترە. ئەم ئامارە نیشاندەری گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ئەرێنی و ڕۆڵی بەهێزی ئافرەتانە لە بواری خوێندنی باڵا لە ناوچەکەدا.
کۆلێژەکان بەپێی ژمارەی دەرچووان
کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (دهۆک): 1،052 دەرچوو (23.1%).
کۆلێژی پەروەردە (ئاکرێ): 634 دەرچوو (13.9%).
کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان: 502 دەرچوو (11.0%).
کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری: 416 دەرچوو (9.1%).
کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان: 340 دەرچوو (7.5%).
کۆلێژی زانست: 284 دەرچوو (6.2%).
کۆلێژی زمانان: 234 دەرچوو (5.1%).
کۆلێژی ئەندازیاری: 176 دەرچوو (3.9%).
کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (ئامێدی): 166 دەرچوو (3.7%).
کۆلێژی زانستە سیاسییەکان: 112 دەرچوو (2.5%).
کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان: 98 دەرچوو (2.2%).
کۆلێژی پزیشکی: 94 دەرچوو (2.1%).
کۆلێژی پزیشکیی ددان: 87 دەرچوو (1.9%).
کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان: 79 دەرچوو (1.7%).
کۆلێژی دەرمانسازی: 77 دەرچوو (1.7%).
کۆلێژی یاسا: 64 دەرچوو (1.4%).
کۆلێژی پەرستاری: 61 دەرچوو (1.3%).
کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەری: 49 دەرچوو (1.1%).
کۆلێژی پلانسازیی شار و هەرێمەکان: 22 دەرچوو (0.5%).