هەرێمی کوردستان بەفەرمی بوو بە ئەندام لە یەکێتیی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: پابەندین بە پـاراستنی شاخ و ڕووبار و دارستانەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، حکوومەتی هەرێم بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بە فەرمی بوو بە ئەندام لەیەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت. ئەمەش هەنگاوێکی مێژوویییە و هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕیزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کۆنگرەی جیهانیی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت لە ئەبوزەبی بڵاوکرایەوە، کە وڵاتان و زانا و بەرپرسانی بواری ژینگە لە سەرتاسەری جیهان کۆبوونەوە بۆ دەستنیشانکردنی کارە لەپێشینەکانی پاراستنی سروشت لە سەرتاسەری جیهان.

د. هانی ئەلشاعر، بەڕێوبەری ڕۆژئاوای ئاسیا لەیەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، وتی ''خۆشحاڵین بەخێرهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ نێو خێزانی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت. ئەمە سەرەتای دەسپێکی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پاراستنی سروشت لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی ناوچەکە. دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان لەڕووی سروشت و فراوانبوونی ڕۆڵی سەرکردایەتی لە ڕووی ژینگەوە، دەرفەتێکی مەزن دەبەخشێت بۆ هاوبەشییەکی کاریگەر. بەیەکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنی فرەچەشنیی زیندەوەران و بنیاتنانی خۆڕاگریی بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا و پشتگیریکردنی پیشکەوتنی بەردەوام بۆ کۆمەڵگا و سیستەمی ژینگەیی''.

بەیان سامی عبدالرحمن، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا گوتی ''بوونە ئەندام لەیەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت هەنگاوێکی مێژوویییە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێمە بۆ بەرەوپێشبردنی ژینگە و پاراستنی فرەچەشنیی زیندەوەران و بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانمان بەشێوەیەکی بەردەوام''.

بەیان سامی عبدالرحمن، کە ئەم هەفتەیە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کورستان دەکات لەکۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت لەشاری ئەبوزەبی، گوتیشی: ئێمە پابەندین بە پاراستنی شاخ و ڕووبار و دارستانەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەروەها بەشدار دەبین لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا''.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  پشتگیری دەکات لەپاراستنی فرەچەشنیی زیندەوەران لە کوردستان و لەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی سروشت لە عێراق و ناوچەکە و جیهان.

ئەمە بۆچی گرنگە؟

ئەندامیەتی لە یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بەزیاتر لە 1400 ڕێکخراوی ئەندام، لە نێویاندا حکوومەت و ڕێکخراوی ناحکوومی و دەزگاکانی توێژینەوە لە زیاتر لە 170 ووڵات کە یەک ئامانج بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، ئەویش پاراستنی میراتی سروشتیی گۆی زەوییە لە:

بەهێزکردنی یاسا و سیاسەتی پەیوەندار بە ژینگە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
هەماهەنگیکردن لەگەڵ شارەزایانی جیهانی لەسەر پاراستنی فرەچەشنیی زیندەوەران، بەڕێوەبردنی ئاو و خاک، و بەدارستانکردنەوە.
دەستگەیشتن بە دەرفەتی تواناسازی و پاڵپشتیی بۆ پرۆژەی پاراستنی سروشت و خۆڕاگریی بەرامبەر گۆڕانکاری کەشوهەوا.
پەرەپێدانی گەشتوگوزاریی ژینگەدۆستانە و وەبەرهێنانی سەوز، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی فراوان بۆ گەشەسەندن.
هەمەجۆریی زیندەوەران و کلتوری سروشت لە کوردستان

هەرێمی کوردستان شوێنی هەندێک لە گرنگترین سیستەمە ژینگەییەکان و گیانلەبەرانی کێوییە لە عێراق. زنجیرە چیاکانی هەرێمی کوردستان، دارستانی داربەڕوو و رووبارەکان، لە چیاکان شوێنی ژیانی چەندین جۆری جیاوازی زیندەوەرن، لە ناویاندا، پڵنگی زاگرۆس کە تاوەکو ئێستاش لە ناوچەی بارزان و قەرەداخ و دارستانی ناو چیاکان دەژی. هەروەها، بوکەکانی کوردستانی، کە هەردووکیان لە لیستی سوری یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشتدان و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. زیاتر لە 2000 جۆر ڕووەک، گوڵی کێوی، داربەڕوو و قەزوان، گیای دەرمانیی، تایبەتن بەسیستەمی ژینگەیی ناوچەکانی چیاکانی زاگرۆس. زیاتر لە 350 جۆر باڵندەی جیاواز تۆمارکراون، لەناویاندا، باڵندە کۆچبەرەکانی وەک لەقلەق و هەڵۆ و پەڵاوی کوردستان، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیی کوردستانە وەک رێڕەوی کۆچی باڵندە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارە بەشێوەیەکی فەرمی، چەند ناوچەیەک وەک ناوچەی پارێزراو بناسێنێت، لەوانە، ناوچەی بارزان کە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیە پارێزراوە، پارکی نیشتمانیی هەڵگورد-سەکران، ناوچەی پارێزراوی قەرەداخ، کە پێکەوە هەزاران هێکتار لە دارستان و ناوچەی ئاوی و ژینگەی کێوی لە لەناوچوون دەپارێزن کە گرنگن بۆ ژیانی کێوی و دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

ئەم ناوچانە تەنها خەزێنەیەکی بەهاداری ژینگەیی نین، بەڵکو سەرچاوەی بژێوی و کلتور و ناسنامەی خەڵکی کوردستانن. بوون بە ئەندام لەڕێکخراوی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، یارمەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات ئەم ناوچانە باشتر بپارێزێت و ستراتیژییەکانی هاوتەریب بکات لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

هەنگاوێک بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوەختە ژمارەیەک دەستپێشخەریی کردووە، لەوانەش، پلانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و چاکسازیی بەرێوەبردنی ئاو. ئەندامبوون لە ڕێکخراوی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی ئەم هەوڵانە و کردنەوەی دەرگای نوێ بۆهاوبەشیی نێودەوڵەتی بۆ بووژاندنەوەی ژینگە و گەشەی بەردەوام. بەیان سامی عبدالرحمن گوتی '' بوون بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە ئاماژەیەکە بۆ جیهان کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوبەشێکی بەرپرسیار بێت بۆ پاراستنی هەسارەی زەوی''. هەروەها گوتی '' ئێمە پەرۆشین لە ئەزموونی ئەوانی ترەوە فێر بین و ئەزموونی خۆمانیان لەگەڵ بەش کەین و پشکمان هەبێت لە دروستکردنی داهاتوویەکی سەوزتر و خۆڕاگر''.

دەربارەی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت: ڕێکخراوی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت کە لە ساڵی 1948 دامەزراوە، گەورەترین و فراوانترین تۆڕی ژینگەیییە. زانیاری و ڕێنمایی و هاوبەشیی دابین دەکات بۆیارمەتیدانی کۆمەڵگاکان لە پاراستنی سروشت و دڵنیابوون لەوەی پێشکەوتن بەردەوام و یەکسانە.

 

 

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment