لە کوردستان ناوچەی پیشەسازی شوێنێکی گەشتیارییە و لە عێراق زبڵدانێکی فەرامۆشکراو

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ناوچە پیشەسازییەکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باش ڕێکخراون و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کراوە، لە بەرامبەردا لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ناوچە پیشەسازییەکان بێ خزمەتگوزارین.

لەم پاکێجەدا جیاوازی لەنێوان ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق ببینن.

سەگی بێ لانە، خاشاک، دوکەڵ و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لەم ناوچە پیشەسازییە دەیان ساڵە هەڕەشەیەکی دیاری سەر تەندروستیی خاوەنکار، کرێکار و سەردانیکارانە.

خالد زڕغام، کاسبکار بە کوردستان24 دەڵێت:" سەیری ئێرە بکە هیچ خاوێن نییە، ڕۆن و پاشماوە و زبڵی تێیدا کۆبووەتەوە، هیچ لێپرسینەوەیەک نییە، نیوەی ناوچەی پیشەسازی هی دەوڵەتە و کرێیان لێوەردەگرن، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ ناکەن. سادەترین مافمان بۆ دابیننەکراوە، من لە ساڵانی 90وە لە کرێدام و زەوییان پێنەداوین.

حکوومەتی فیدراڵ لێرە بەناوی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری مانگانە 25 تا 75 هەزار دینار لە خاوەنکاران وەردەگرێت، لە کاتێکدا نە ئاو و نە کارەباشیان پێنادات.

ئەسعەد عەبدولڕەزاق، کاسبکار دەڵێت: کێشەی هەرە گەورەمان نەبوونی ئاوە لەم شوێنە، لەبەر ئەوە هەمووان ناچارین ئاو بکڕین، واتای نییە ئێمە بەرمیلی ئاو بە چوار هەزار دینار بکڕین، کێشەیەکی دیکە نەبوونی کارەبایە، لە هەر دووکانێک پێنج کەس کاردەکات بە هاویندا کارەبا زۆر دەبڕێت و بەرگە ناگرین، ئەوە جگە لە نەبوونی ئاوەڕۆ.

گوێنەدانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بە داوکاری سەرەتایی خەڵکی و گەندەڵی بە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ئەم ناوچەیە دادەنرێت، لە کاتێکدا لە بەسرەوە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکە هەناردە دەکرێن.

بەڵام لە کوردستان؛

بۆ ماوەی دوو ساڵە ناوچەیەکی پیشەسازیی نوێی ئۆتۆمبێل، بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە و بەپێی پێوەرە جیهانییەکان لە پارێزگای دهۆک دروست کراوە. ئەو شۆفێرانەی سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن، هەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکەن و ئەمەش سەرنجی هاووڵاتییانی بیانیشی ڕاکێشاوە.

کۆمەڵگەی پیشەسازیی خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل لە دهۆک، لەسەر ڕووبەری 679 هەزار مەتری دووجا و بە گوژمەی 62 ملیۆن دۆلار دروست کراوە.

حازم محەممەد، شوفێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم پیشەسازییە زۆر پێشکەوتووە، بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک دروستکراوە و سەوزاییەکی باشی هەیە. زۆر پاکوخاوێن و بێ گرفتە.

عومەر جەمیل، کرێکار دەڵێت: بۆ ماوەی دوو ساڵە ئەم پیشەسازییە ئاوەدان کراوەتەوە دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆش بێت، پیشەسازییەکی جوان و فراوانە، شەقامەکانی فراوان و هەموو خزمەتگووزارییەکی وەک مزگەوت و باخچەی هەیە، زۆر بەجوانی دروستکراوە. ئەوەی بیبینێت وا دەزانێت شوێنێکی گەشتییارییە هەستی پێ ناکات کە ئەم شوێنە ناوچەیەکی پیشەسازییە، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.

ئەم پڕۆژەیە لە شەش ناوچە (زۆن) و دوو هەزار و 378 یەکەی پیشەسازی و 30 هەزار مەتری دووجا ڕووبەری سەوزایی پێکدێت.

پڕۆژەکە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبای 24 کاتژمێری، سیستمی ئاگرکوژێنەوە، ئینتەرنێت، مۆتێل، بنکەی تەندروستیی و بنکەی پۆلیسی بۆ دابین کراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment