وەزیری خوێندنی باڵا: زیاتر لە 50 هەزار قوتابی لە زانکۆلاین وەرگیراون

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، دکتۆر ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەنجامی زانکۆلاینی ڕاگەیاند.

وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت: لەسەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمانداوە تواناکانی زانکۆکان تەرخان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی گەنجان و قوتابیانی کوردستان بکەین. کە بەدڵی پڕ لە ئومێدەوە ڕوودەکەنە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: ئەمساڵ نزیکەی 50 هەزار بەرەو سەرەوە دەرفەتی وەرگرتنی قوتابیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا زیادی کردووە.

ڕاشیگەیاند، لە سەدا 100 هەموو دەرچووانمان وەرگرتووە، بەڵام سەدا 30 تۆزێک کەموکڕی هەبوو لە نمرەی دەرچوونیان و ئەو شوێنانەی کە هەڵیان بژاردووە ناگونجێت لەگەڵ نمرەکانیان، بەڵام ئەوەش وەکو ساڵانی ڕابردوو چارەسەریان دەکەین.

دەشڵێت: ئەمساڵ کۆلیژی پزیشکی خواستێکی زۆری لەسەر بووە و ئێمەش هەوڵێکی زۆرمان بۆیان داوە.

وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشدا: لەکۆی گشتیی دەرچووانی پۆلی 12ی ساڵانی خوێندنی 2024 – 2025 بە گوێرەی ئەو ئامارە وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجامی پڕکردنەوەی زانکۆ لاین بڵاوی کردووەتەوە 57 هەزار و 980 قویابی بوون، کە 42 هەزار و 257 دەرچووی زانستی، 13 هەزار و 826 دەرچووی وێژەیی، 570 دەچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1327 دەرچووانی پیشەیی بوون.

هەروەها کۆی گشتیی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە گوێرەی ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، 65 هەزار و 476 قوتابییە.

سەبارەت بە ژمارەی پێشکەشکردنی خوێندن بۆ دەرچووانی خوێندنی ساڵانی 2024 – 2025، کۆی گشتیی پێشکەشکردنی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان 54 هەزار و 278 قوتابی بووە، کە  45 هەزار و 717 قوتابی بوون، هەروەها 8561 پێشکەشکردنی خوێندن لە زانکۆ لاین لە لایەن دەرچووانی ساڵانی پێشوو بووە.

ڕاشیگەیاند، بۆ خوێندنی ئەمساڵ 50 هەزار و 862 قوتابی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی وەرگیراون، کە 44 هەزار و 339 قوتابیان لە دەرچووانی ئەم ساڵن، 6523 دەرچووی ساڵانی ڕابردووش وەرگیراون. هەروەها 14 هەزار و 731 کورسی خوێندن بە بەتاڵی ماوەتەوە.

گوتیشی: هیوادارین دەرفەتی خوێندن بۆ ئەو قوتابیانەی دیکەش برەخسێت تاکوو بتوانن لە وڵاتیی خۆماندا بتوانن بخوێنن.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment