سوپای عێراق جارێكی دیكه‌ ڕێگه‌ له‌ جووتیارانی چه‌ند گوندێكی كه‌ركووك ده‌گرێته‌وه‌

جووتیارانی سنووری پێنج گوندی کەرکووک لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕێگری لە کارەکانیان دەکرێت، ئەمەش ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و جووتیارانی ئه‌و ناوچانه‌ی نیگەران کردووە.

سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سنووری شەناغە بە پەیامنێری کوردستان24ـی لە کەرکووک گوت: "سوپای عێراق وەک ساڵانی ڕابردوو گەمارۆی گوندەکەمانی داوە، ڕێگری لە جووتیاران ده‌كات کارەکانی خۆیان بکەن."

محەممەد ئیسماعیل دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ ئەو پارچە زەوییانە کراوە کە کێشەیان لەسەرە، بۆ ئەوەی جووتیارەکان بتوانن کارەکانی خۆیان بکەن، بەڵام سوپا پابەندیی ئەو نووسراوە نابێت و یاسا جێبەجێ ناکات. ناوبراو داواش لە بەرپرسان دەکات بەر لەوە دۆخەکە خراپ ببێت، ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر بکەن. 

هاوکات هاووڵاتییەکی ئه‌و سنووره‌ به‌ كوردستان24ـی گوت: سوپا، جووتیارەکان ئازار دەدات و کارەبا دەبڕێت و بیرە ئاوەکان دەگرێته‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگری لە جووتیاران دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێستا کاتی تۆکردن و بژاردنە، دەبێت تاوەکوو تشرینی دوومی ئەمساڵ زەوییەکان کێڵدرابێت، بەڵام جووتیاران بەهۆی شه‌ڕپێفرۆشتنه‌كانی سوپای عێراقه‌وه‌ ناتوانن کارەکانیان بکەن، هاوکات یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس لە پەرلەمان دەرچووە و تاوەکوو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment