سبەی ئەحمەد شەرع سه‌ردانی ڕووسیا ده‌كات و له‌گه‌ڵ پوتن كۆده‌بێته‌وه‌

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، سبەی چوارشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە مۆسکۆ بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی نێوانیان.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، بڕیارە لە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کە لە ڕوانگەی هەردوو وڵاتدا جێی گرنگین، لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات دەکات.

بەپێی ئاژانسی سانا، ئەحمەد شەرع بڕیارە لەگەڵ ڕەوەندی سووریا لە ڕووسیا کۆببێتەوە. لە شوباتی ڕابردوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع کرد و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی سەروەرییه‌كه‌ی دووپات کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پوتن ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا چاو بە ڕێککەوتنەکانی بخشێنێتەوە کە لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سووریا کردوویانە، هەروەها هەموو ئەو ئابڵووقانەش هەڵگرێت کە خستوویەتییە سەر سووریا.

 
 
Fly Erbil Advertisment