مه‌سرور بارزانی: فەراهەمکردنی باشترین سیسته‌می پەروەردە بۆ منداڵانی کوردستان بەشێکی گرنگی كارنامه‌ی ئێمه‌یه‌

تێڕوانینی خۆی له‌ باره‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، تێڕوانینی خۆی له‌ باره‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

مه‌سرور بارزانی له‌ تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "تێڕوانینی ئێمە بۆ کوردستان فەراهەمکردنی ده‌رفه‌تی یەکسان و هێزی کاری پەروەردەکراوه‌".

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی تویته‌كه‌یدا دووپات له‌ فه‌راهه‌مكردنی باشترین سیسته‌می په‌روه‌رده‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "فەراهەمکردنی باشترین سیسته‌می پەروەردە بۆ منداڵانی کوردستان بەشێکی گرنگی كارنامه‌ی ئێمه‌یه‌".

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م، كه‌ رۆژی 10/7/2019 له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان خستیه‌ڕوو، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، سیسته‌می ته‌ندروستی خاڵێكی گرنگی ناو كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌بێت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م، به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ گرنگی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "کار دەکەین بۆ چاککردن و بەرزکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەرتی گشتی و دانانی رێکاری راکێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەکی بۆ بەشداری لە ئاواکردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها کار دەکەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆکیان بە پێی ستانداردە باوەکان".